zhyr

بە چوونە ناو ئامێدی کۆمپانیاکانی پەیوەندیی تورکیا بەخێرهاتنت دەکەن

3 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد

لەشکرکێشییەکانی تورکیا بۆ سنووری قەزای ئامێدی بەردەوامی هەیە و دانانی بورجەکانی تورکیا لەو سنوورە وایکردووە، ئامێدی ببێتە ناوچەیەکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق.

ئەمڕۆ شەممە 6ی حوزەیرانی 2024، دانیشتوویەکی قەزای ئامێدی کە ناوەکەی لای هاوڵاتی پارێزراوە بە هاوڵاتی راگەیاند، "بەهۆی زیادبوونی بورجەکانی تورکیا لە سنووری ئامێدی کاتێک لە قەزاکە دەردەچیت لەرێگەی کورتەنامەیەکی مۆبایلەوە کە لەلایەن هێڵی کۆڕەک تیلیکۆمەوە دەنێردرێت بەخێرهاتن دەکرێیت بۆ خاکی عێراق، هەروەها کاتێک دەچیتە ناو قەزای ئامێدی لەڕێگەی کورتەنامەیەکەوە دەنووسرێت بەخێرهاتی بۆ خاکی تورکیا".

ئەو هاوڵاتییە نەشی شاردەوە، "دانیشتووانی سنوورەکە تەواو بێزاربوون لە دۆخەکە، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی دارایی و گوزەرانیانەوە ناتوانن ناوچەکە چۆڵبکەن، ئەگینا دەمێک بوو ئەو ناوچەیان چۆڵکردبوو".

حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەرامبەر لەشکرکێشییەکانی تورکیا بۆ سنووری قەزای ئامێدی بێدەنگیان هەڵبژاردووە و رۆژ بە رۆژیش تورکیا هەوڵی زیادکردنی پێگەی خۆی دەدات لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، لەئێستادا سوپای تورکیا زیاتر لە 35 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە و هێزی لە 150 خاڵی سەربازی جێگیرکردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار