سەنتەری میترۆ: هاوڵاتییانی مەدەنی حكومەتەكەیان و یاسا نێودەوڵەتییەكان نایانپارێزێت
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەنتەری میترۆ سەركۆنەی بە ئامانجگرتنی تیمی (چیرا تیڤی و چیرا ئێف ئێم) وهاوڵاتییانی مەدەنی دەكات و داوا لە رێكخراوە نێدەوڵەتییەكان دەكات فشار بكەنە سەر حكومەتی توركیا.
ئەمڕۆ هەینی 12ی تەموزی 2024، لە بەیاننامەیەکدا سەنتەری میترۆ بە تووندی سەركۆنەی بە ئامانجگرتنی تیمی (چیرا تیڤی و چیرا ئێف ئێم) وهاوڵاتییانی مەدەنی دەكات و داوا لە رێكخراوە نێدەوڵەتییەكان دەكات فشار بكەنە سەر حكومەتی توركیا بە ئاراستەی دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ لەو كەسانەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگ نییەو بەشدارنین تیایدا.
رۆژی 8ی تەموزی 2024 هێزی ئاسمانی توركیا لە كۆمەڵگەی تل قەسەبی شنگال، رۆژنامەنووسانی تەلەفزیۆنی چیرا تیڤی و چیرا ئێف ئێمی تێدابوو، كردە ئامانج, لەو هێرشەدا بۆسەر كارمەندانی چرا تیڤی و چرا ئێف ئێم، (مەدیا حەسەن كەمال و مراد میرزا برایم، خەلەف خیدر بریندار بوون)، مراد میرزا, پەیامنێری كەناڵی چرا ئێف ئێم، لە نەخۆشخانەیەكی شاری موسڵ لەكاتی نەشتەرگەریدا بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا.
بەهۆی بۆردوومانی سوپای توركیا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە 11 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و 9 هاوڵاتیی دیكەیش برینداركراون، هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانیش رۆڵی تەماشاكەر دەبیینن.
سەنتەری میترۆ داوا لە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، زانیاری و رونكردنەوە لەسەر رێكەوتنی ئەمنی نێوان خۆیان و حكومەتی توركیا بدەن، تا هاوڵاتییان بڕیاربدەن، چی بكەن؟.
لە بەیاننامەکەدا سەنتەری میترۆ داوا حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، رۆڵی تەماشەكەر نەبینن، هاوڵاتییانیان لە ئاگری ئەم جەنگە بپارێزن.
لەو هێرشانەی هێزی ئاسمانی و زەمینی سوپای توركیا، بە هیچ شێوەیەك رەچاوی(رێككەوتنی ژنێف ساڵی 1949) نەكراوە كە هەموو بڕگەكانی باس لە پارستنی مافە بنەرەتیەكانی مرۆڤ دەكات لە كاتی سەرهەڵدانی جەنگ و داگیركاری و پاراستنی گیانی خەڵكی سڤیل لە مەیدانی جەنگدا و مافی ئەوانەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگ نییەو بەشدارنین تیایدا.

