فەرمانبەرانی گرێبەست دوا مۆڵەت دەدەنە حکومەتی هەرێمی کوردستان
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فەرمانبەرانی گرێبەست بەیاننامەیەکی ناڕەزایی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئاماژە بەوەدەدەن، بیانوی جیاواز حکومەت بە جدی کار لەسەر دامەزاندنیان ناکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی تەموزی 2024، دەستەی نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەستى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند، "پاش چەندین ساڵ لە چاوەڕوانی دامەزراندن کە مافێکی سەرەتایی خۆمانە بە بیانوی جیاواز حکومەت بە جدی کار لەسەر ئەم کەیسە ناکات، ئێمە بە هەموو شێوەیەک لەبەر بارودۆخ هاوکاربوین و بەردەوام بوین لەسەر خزمەتکردن لە دام و دەزگاکانی حکومەت، بەڵام پاش چەندین ساڵ چاوەڕوانی نییەتی حکومەت بەپێی داواکاری ئێمە نییە خۆشبەختانە سەرۆک وەزیران تیمێکی راسپارد لە ماوەی 15 رۆژ کاری جدی بکەن لەسەر دامەزراندنی گرێبەستەکان".
"ئەو تیمە تەنانەت ئامادەنین زانیاری و گفتوگۆشمان لەگەڵ بکەن بە بیانوی جیاواز، ئێمە هەموو جۆرە قوربانییەکماندا لە ماوەی چەندین ساڵ فەرمانبەری دوور بووین لە مۆڵەتی نەخۆشی، بێ مۆڵەتی دایکایەتی بە نیو مووچە بێ تعدیل کردنی بڕوانامە بێ دەست خۆشی و سەرمووچە و بێ هەموو ئیمتیازێک بەردەوام بووین ئێستا پاش چەندین ساڵ چاوەڕوانی ئومێدمان بەوە هەبوو بارودۆخ گونجاوە و وەزارەتی دارایی ڕایگەیاندوە دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست بارگرانی نییە بۆ حکومەت"، فەرمانبەرانی گرێبەست وادەڵێن.
ئەوەشیان خستووەتەڕو، "بۆیە بڕیارماندا تا 1ی ئابی 2024، چاوەڕوانی حکومەت بین ئەگەر تا ئەو ئەو رێکەوتە بڕیارێکی جدی لە بارەی گرێبەستەکانەوە نەدرێت بە ناچاری خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری هەموو شار و شارۆچکەکان لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدەدەین و هەنگاوی دواترمان بردنی ئەم کەیسەیە بەرەو بەغدا".
وەک دەستەی نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەستى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاماژەی پێداوە، فەرمانبەرى گرێبەست هەیە 15 بۆ 20 ساڵ خزمەتى هەیە.
