بۆ ئەوەی جینۆساید دووبارە نەبێتەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی، عەلی مەحموود
لە یادی 26 ساڵەی دامەزراندنی دادگای دادی تاوانكاری نێودەوڵەتی ICC, رێكەوتی 17-7-2024 لە شارەكانی سلێمانی، كەركوك، هەولێر، چەمچەماڵ، هەڵەبجە، ناحیەی رزگاری گەرمیان لە گۆڕستانی ئەنفالكراوانی گەرمیان، چەندین گردبونەوە و كۆڕ و سمینار ئەنجامدرا، بە بەشداری دەیان كەناڵی ناوخۆیی و بیانی، دواتر داواكرا عێراق ببێتە ئەندامی دادگاكە بۆ ئەوەی تاوانەكانی جینۆساید و كیمیاباران، هەڵەبجە و ئەنفال دووبارە نەبنەوە.
لە میانەی گردبونەوەكانەوە ئەم داواكارییانە خرانە روو: لە یادی 26 ساڵەی بڕیاری پێكهێنانی دادگاكە و 22 ساڵەی دەستبەكاربوونی ئەو دادگایە و رۆژی دادپەروەری جیهانیدا، وەك گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، لە هەموو گەلانی دیكە زیاتر پێویستمان بە دادگایەكی جیهانی لەو شێوەیە هەیە، بۆیە داواكارین:
١ــ عێراق پەیماننامەی رۆما واژۆ بكات و بە زووترین كات پەیوەستبوونی خۆی بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە رابگەیەنێت، بۆ ئەوەی دڵنەواییمان بداتێ عێراقی ئەمڕۆ و ئایندە جیایە لە عێراقی تاوان و جینۆسایدی پێشوو، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە پەرلەمانی عێراق بە رۆڵی خۆی هەڵبستێت.
٢ــ حكومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراق فشار بخەنە سەر حكومەتی كوردستان 258 تۆمەتباری ئەنفال وەك تاوانبار سەیر بكەن و دادگایی بكرێن.
٣ــ حكومەتی عێراقی هەموو ئەوانەی وەك تۆمەتبار ناویان لە كەیسەكانی جینۆسایدی خەڵكی كوردستاندا هاتووە دادگایی بكات.
٤ــ حكومەتی عێراقی قەرەبووی مادی و مەعنەوی قوربانیانی ڕژێمی پێشوو بكاتەوە بێ جیاوازی، بە داوای لێبوردنكردن لێیان و قەرەبووی مادییان تا گەڕانەوەی روفاتی ئازیزانیان.
٥ــ حكومەتی عێراقی پێشوازی لە هیچ كەسێك نەكات لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە داواكراو بێت، یان گومان لێكراوبێت بەو تاوانانەی لە تایبەتمەندی دادگای ناوبراودا بە تاوان ناسراون.
٦ــ پەلە بكرێت لە هێنانەوەی ڕوفاتی قوربانیان و پشكنینیان بۆ بكرێت.
٧ــ قەرەبووی مادی و مەعنەوەی قوربانیانی تاوانەكانی جینۆساید، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جەنگ لە عێرقدا بكرێتەوە و تاوانباران لە سزا ڕزگاریان نەبێت.
٨ــ سەربازگەی تۆبزاوا بپارێزرێت، بۆ بەرزراگرتنی قوربانیان بكرێت بە مۆنۆمێنتێكی شایستە بۆ ئازیزانی ئەنفالكراومان.
