پەرلەمانتارێک: ڕەنگە تا مانگی ھەشت مووچەی خانەنشینی هەر بە ھاوتانەکراوی ڕەوانە بکرێت
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت، ھاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی ھەرێم کاتی دەوێت و ڕەنگە تا مووچەی مانگی ھەشت ھەر بەھاوتانەکراوی ڕەوانە بکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی تەموزی 2024، د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاند، "وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێم لیستی مووچەی خانەنشینانی بە ھاوتاکراوی ڕەوانەی بەغدا کردووە، بەڵام ئەوە کارێکی ئاسان نییە و پەیوەندی بە سیستمی خانەنشینی عێراقەوە ھەیە".
ئاماژەی بەوەشکرد، “ڕەنگە تا مووچەی مانگی ھەشت خانەنشینانی ھەرێم بە ھەمان شێوەی خۆیان مووچە وەربگرن، چونکە فەرمانبەر ھەیە لە ھەرێم کە بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق دەبێت خانەنشین بکرێت و پێداچوونەوە بە مووچە و ئیمتیازاتەکانی بکرێت".
وتیشی، "ھاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی ھەرێم کاتی دەوێت، ڕەنگە تا مووچەی مانگی ھەشت مووچەی خانەنشینان بەھاوتانەکراوی بنێردرێت.”
رۆژی 21ی تەموزی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی خانەشینانی بە ھاوتاکراوی لەگەڵ لیستی موچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەران رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرد.
