دژەتیرۆری کوردستان (پارتی): نابێت و ناکرێت دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان تێکەڵ بە ململانێی کەسی و سیاسی و حزبی بکرێن

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دژەتیرۆری کوردستان (پارتی) ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی شاری سلێمانی بڵاوکردەوە و جەختی کردووەتەوە: نابێت و ناکرێت دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان تێکەڵ بە ململانێی کەسی و سیاسی و حزبی بکرێن.

ئەمشەو سێشەممە 30ی تەموزی 2024، دژەتیرۆری کوردستان (پارتی) رایگەیاند، "ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی ماوەیەکە لە شاری سلێمانی و دەوروبەری ڕوو دەدەن مایەی نیگەرانی و جێی هەڵوەستە لەسەر کردنن، بەداخەوە ڕووداوەکان ڕۆژانە لەژێر ناوی دەزگا سەربازی و ئەمنییەکاندا ئەنجام دەدرێن کە تێیاندا هاونیشتمانییان دوور لە پرەنسیپی یاسایی دەستگیر دەکرێن، دەڕفێندرێن، ئازار دەدرێن و دەکوژرێن".

ئاماژە بەوەکراوە، "ئەم کردەوانە ناو و گەورەیی دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان کە ئەرکی سەرەکییان پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستانە، دەخاتە ژێر پرسیار و لەکەداریان دەکات و ترس و دڵەڕاوکێ و تۆقاندن بڵاودەکەنەوە".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "ئەرکی دامەزراوە سەربازی و و ئەمنییەکان، پاراستنی ئاسایش و سەروماڵی هاووڵاتییانە، نەک بەکارھێنانیان لە ململانێیە سیاسییەکان بۆ کوشتوبڕی خەڵکی سڤیل و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن کە لەگەڵ پرەنسیپی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان ناگونجێت".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە، نابێت و ناکرێت دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان تێکەڵ بە ململانێی کەسی و سیاسی و حیزبی بکرێن و لە بەرژەوەندیی تایبەت و تاکلایەنە بەکار بهێندرێن".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار