کەجەکە: داخستنی سێ پارتی کوردی بڕیارێکی بە تەواوەتی سیاسیی و نادیموکراتیکە کە هیچ پەیوەندییەکی بە یاساوە نییە

9 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ی ئابی 2024، هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەرێوەبەری کەجەکە، سەبارەت بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق بۆ داخستنی هەریەکە لە حزبەکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی كوردستان، پارتی ئازادیی دیموكراتی ئێزدی، بەرەی تێكۆشانی دیموكراتی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، سێ پارتی سیاسیی یاسایی کە لە عێراق کاری سیاسیی دەکەن، بە بیانووی ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ بزوتنەوەکەمان هەیە بریاری داخستنیان درا، ئاشکرایە کە حکومەتی عێراق لە سەر داوا و فشاری پارتی و دەوڵەتی تورکیا ئەو بڕیارەی داوە

ئەوەشخراوەتەڕوو، داوا لە هێزە دیموکراتییەکان، ڕۆشنبیران، دامودەزگاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی باشووری کوردستان و عێراق دەکەین لە دژی ئەم بڕیارە نادادپەروەرانەیە هەڵوێستی بە کۆمەڵى خۆیان نیشان بدەن.

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەرێوەبەری کەجەکە لە ڕاگەندراوەکدا ئاماژە بەوەدەکات:

سێ پارتی سیاسیی یاسایی کە لە عێراق کاری سیاسیی دەکەن، بە بیانووی ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ بزوتنەوەکەمان هەیە بریاری داخستنیان درا، ئاشکرایە کە حکومەتی عێراق لە سەر داوا و فشاری پەدەکە و دەوڵەتی تورک ئەو بریارەی داوە، هەربۆیە ئەو بڕیارە بە تەواوەتی سیاسییە، بریارێکی نادیموکراتیکە کە هیچ پەیوەندییەکی بە یاساوە نییە.

بەهۆی ئەو بڕیارە نادیموکراتیکەوە بە توندی حکومەتی عێراق شەرمەزار دەکەن، حکومەتی عێراق سەری بۆ فشارەکانی پەدەکە و دەوڵەتی تورک دانەواندووە و بەم جۆرە دەوڵەت و کۆمەڵگای عێراقی خستووەتە ژێر تۆمەتێکی قورسەوە، ئەو بڕیارە نادیموکراتیکە بووەتە پەڵەیەکی ڕەش بۆ دەوڵەت و کۆمەڵگەی عێراق و بەو جۆرە دەچێتە ناو لاپەڕەکانی مێژووەوە
پادێ، تەڤگەری ئازادیی و پارتی بەرەی تێکۆشانی دیموکراتیک بە گوێرەی دەستوری هەمیشەیی عێراق دامەزرابوون و لە چوارچێوەی دەستوری هەمیشەییدا کاری سیاسی دەکەن، هەربۆیە تۆمەتبارکردنیان بەوەی پەیوەندیان بە بزوتنەوەکەمانەوە هەیە و ئەوەش کراوەتە بیانووی داخستنی هەرسێ پارتەکە، مامەڵەیەکی بێ بنەما و ناتەبایە، جگە لە پەسەندکردنی ئەندێشەکانی ڕێبەر ئاپۆ ئەو سێ پارتە هیچ پەیوەندییەکی ڕێکخراوەییان بە بزوتنەوەکەمانەوە نییە.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێزی سەرەکی کە بزوتنەوەکەمان پەیوەندی لەگەڵ داناوە دەوڵەتی عێراقە، بزوتنەوەکەمان بە بێ هیچ چاوەڕوانیەک لە دژی داعش بە هانای گەلی عێراقەوە چوو، لە چوارچێوەی داواکاری و  بانگهێشتی حکومەتی عێراق هێزەکانمان ڕوویانکردە ئەو ناوچانە کە داعشی لێبوو و ئەو ناوچانەیان لە دەستی داعش ڕزگار کرد.

حکومەتی عێراق ئەو کاتە دیداری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بزوتنەوەکەمان ئەنجامدا، لەبەردەم ڕای گشتی سوپاسی بزوتنەوەکەمانی کرد، بەڵام بەداخەوە حکومەتی عێراق ئێستا لەناو مامەڵەیەکی پێچەوانەدایە، لەگەڵ ئەو هێزانەی کە هەڵگری مێشکی داعشن پەیوەندی سازکردوە و لە دژی بزوتنەوەکەمان هەڵوێستی نیشان داوە، ئەوە بە شێوەیەکی ئاشکرا پێچەوانەکردن، هەڵگەڕاندنەوە و نکۆڵیکردنە لە ڕاستیەکان، بە هیچ جۆرێک لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە.

هەنگاونان لەگەڵ تەیب ئەردۆغان هەنگاونانە لەگەڵ داعش، هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا نییە، ئێمە جارێکی دیکە ئەوە دەخەینەڕوو، کەوتنە دوای تەیب ئەردۆغان دەوڵەت و کۆمەڵگەی عێراق بەرەو مەترسی گەورە دەبات، دەوڵەتی تورک بە مێشکی نیۆعوسمانی لە هەڕێمەکەدا لە هەوڵی سازکردنی هەژموونی خۆیدایە، دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی هەڵگیرساندنی شەڕەوە دەیەوێت ئەو ئامانجەی بپێکێت و کوردەکان، تورکەکان، عەرەبەکان، جووەکان، فارسەکان و گەل و ئایینزاکانی هەرێمەکە بەگژ یەکتردا بکات و بەم جۆرە ئامانجە کانی عوسمانییەکانی بهێنێتەدی.

پەیوەندی لەگەڵ هێزێکی خاوەن ئەو مێشکە و هەڵچنینی هیوا لەسەری هەڵەیە، هەمیش بە واتای خزمەتکردنە بە هێزی دژبەر، هەربۆیە ئێمە جارێکی دیکە داوا لە هێزە سیاسیە عێراقیەکان، پارتی، ڕۆشنبیرانی عێراقی دەکەین کە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن، لە بەرامبەر ئەو پێشهاتە کە دەوڵەت و کۆمەڵگەی عێراق بەرەو مەترسی دەبات هەڵوێستی یەکلاکەرەوە و بڕیاردارانە نیشان بدەن.
پادێ لە ناو خەڵکی شنگالدا خاوەن پێگەیەکە و سەرنجی خەڵکی شنگال بۆلای خۆی ڕادەکێشێت، زۆر واتادارە کە لە دەیەم ساڵیادی کۆمەڵکووژی شنگالدا بریاری داخستنی پادێ دراوە، ئەوە بە ڕوونی بە واتای هەڵوێستێکە بۆ لایەنگری لە قڕکردن و دڵخۆشکردنی تورکیا، پادێ لەلایەن ئەو کەسانەوە دامەزراوە کە لە کاتی هێرشەکەی داعشدا چوونە سەرچیا و شنگالیان جێنەهێشت، هەربۆیە ڕێکخستنێکی تێکۆشانی دیموکراتیکە کە لە دژی قڕکردن و جینۆساید دامەزراوە، ئێستا دەخوازرێت، پارتێکی بەو جۆرە دابخرێت و ئەو هێزانەی کە لە کاتی هێرشەکەی داعشدا هەڵاتن و خەڵکی شنگالیان لەناو قڕکردندا بەجێهێشت لە شنگال باڵادەست بکرێن.

ئەو هەڵوێست و مامەڵە بەرامبەر بە گەلی شنگال، مامەڵە لەگەڵ قڕکردنی شنگال دەخاتەبەرچاو، لە هەمان کاتدا دەریدەخات کە عێراق لەسەر دەستی حکومەتی ئێستا بەرەو چ هەڵەیەک ئاڕاستە دەکرێت، سەرکوتکردنی ئیرادەی خەڵکی شنگال خزمەت بە چارەسەرکرندی کێشەکان لە شنگال ناکات، جگە لە قووڵکردنەوەی کێشەکان هیچ ئەنجامێکی نابێت، ئەوە مامەڵەیەکە کە هەم زیان بە خەڵکی شنگال و هەمیش عێراق دەگەیەنێت، داخستنی پادێ بە تەواوەتی پلانی دەوڵەتی تورک و پەدەکەیە، دەوڵەتی تورک و پەدەکە بۆ ئەوەی بتوانن پلانەکانیان جێبەجێ بکەن هەوڵ دەدەن کێشەکانی شنگال بەچارەسەرنەکراوی بهێڵنەوە و قووڵیان بکەنەوە، داخستنی پادێ بەهۆی ئەو نیاز و ئامانجەوەیە.

ئێمە ئەو بڕیارە یەکجار هەڵە، مەترسیدار و نادیموکراتیکەی حکومەتی عێراق جارێکی دیکە شەرمەزار دەکەین، جارێکی دیکە دەمانەوێت سەرنجی هەموو کەسانی پەیوەندیدار ڕابکێشین بۆ سەر پێشهاتە هەنووکەییەکان، دەبێت بزانرێت کە ئێمە نەک هەر تەنیا حکومەت بەڵکو هەموو ئەوانەی بەرپرسیارن لەو بەرەوپێشچوونە دەخەینە ژێرباری بەرپرسیارێتیەوە.

هەربۆیە جاڕێکی دیکە بانگەواز ئاڕاستەی هێزە عێراقیەکان دەکەین کە بەرپرسیارانە بجوڵێنەوە، هەروەها دەبێت هێزە دیموکراتیەکەکانی باشوری کوردستان و عێراق، ڕۆشنبیران، ڕێکخراوە مەدەنیەکان لە بەرامبەر ئەو بڕیارە ناڕەوا و نادیموکراتیکە کە لە سەر دەستی دەسەڵاتی دادوەری عێراق دراوە، هەڵوێست نیشان بدەن و شان بە شانی خەڵکی باشور، عێراق و شنگال بوەستن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار