وردەكاری نوێ لەبارەی كوشتنی هەنییە ئاشكرا دەبێت
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ماڵپەڕێكی ئیسرائیلی وردەكاری نوێ لەبارەی كوشتنی ئیسماعیل هەنییە لە تاران ئاشكرا دەكات، بەوتەی ماڵپەڕەكە چەند ئەندامێكی سوپای پاسداران لەلایەن مۆسادەوە بەكرێگیراون و كردەوەكەیان پێ ئەنجام دراوە.
چوارشەممەی ڕابردوو، ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی حەماس لە تاران كوژرا، كوشتنەكەی كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و ئێران هەڕەشەی تۆڵەكردنەوە لە ئیسرائیل دەكات، شێوازی كوشتنەكەشی قسەی جیاوازی لەبارەوە دەكرێت.
ماڵپەڕێكی ئیسرائیلی چیرۆكی كوشتنی ئیسماعیل هەنییەی بەمشێوەیە گێڕاوەتەوە"ئەو پاسەوانانەی ئەركیان پاراستنی ئەو خانووە بووە كە ئیسماعیل هەنیەی تێدا ماوەتەوە، لەكامێراكانی چاودێرییەوە دەركەوتوون كلیلیان پێبووەو چوونە ژووری نووستنەكەی هەنییە، دوای چەند خولەكێك لەسەرخۆ لە ژوورەكە دێنە دەرەوەو بە ئۆتۆمبێلێك بەهاوكاری مۆساد ئێران بەجێ دەهێڵن.
وردەكاری پلانەكە
بۆمبەكە كاتژمێر 4:43 خولەكی ئێوارە واتە نۆ كاتژمێر پێش تەقاندنەوەی لكێندراوە بە ژێر تەختی نووستنەكەی هەنییەوە، تەقینەوەكەش كاتژمێر 1:37 خولەكی بەرەبەیانی چوارشەممە ڕوویدا.
قەبارەی بۆمبەكە 1.5 سانتیمەتر و درێژیی2.5 سانتیمەتر بووە، بەجۆرێك دیزانكراوە زیانی زۆر نەگەیێنێت، تەنیا زیان بە شوێنێكی سنوورداری خانووەكە بگەیێنێت.
چۆن جێبەجێكرا؟
دوای بڕیاردارن لەسەر كوشتنی ئیسماعیل هەنییە، مۆساد بەدوای دەرفەتێكدا گەڕاوە جێبەجێی بكات، دەرفەتەكەش ئەوكاتە بووە كە هەنییە بانگهێشت كراوە بۆ ڕێوڕەسمی دەستبەكاربوونی سەرۆكی نوێی ئێران.
مۆساد پێشتر سەردانی شوێنەكەیان كردووە، ڕێگاكانی هەڵهاتنیشیان دیاری كردووەو ڕێوشوێنی ئەمنیی خانووەكەشیان پشكنیوە.
بەكرێگیراوەكانی مۆساد جلی سەوزیان پۆشیوە و چوونەتە سەر درەختەكانی نزیك لە خانووەكە بۆ چاودێریكردنی وردی خانووەكە، لەگەڵ گەیشتنی هەنییە بۆ خانووەكە ئاگادار كراونەتەوە.
دوای كوژاندنەوەی گڵۆپەكانی ژوورەكەی هەنییە، بۆمبەكە تەقیوەتەوە، دەستبەجێ هەنییە كوژراوە و پاسەوانەكەیشی بریندار بووە و دواتر گیانی لەدەستداوە.
دوای كوژرانی هەنییە چی ڕوویدا و ئێران چی كرد؟
دوای تەقینەوەكە هێزە ئەمنییەكان چوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و 28 بەرپرسی سەربازیی باڵایان دەستگیر كردووە، سەیری كامێراكانی چاودێرییان كردووە و تێوەگلانی ئەندامانی سوپای پاسداران ئاشكرا بووە، ئەوەش بەرپرسانی باڵای ئێرانی توڕە كردووە.