لە بەغدا پارێزگار، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و جێگرەکانیان هەڵدەبژێرێن
.jpg)
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەغدا کۆبوونەوەیەک بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و جێگرەکانیان بەڕێوەبچێت.
بەپێی زانیارییەکان بێت، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 11ی ئابی 2024، لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆدەبێتەوە و سەرۆک و جێگرەکانی ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگار و جێگرەکەی هەڵدەبژێردرێن.
هەر بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، کۆبوونەوەکە بە بەشداریی یەکێتی، بابیلۆن، تورکمان و بەشێک لە عەرەبەکان دەبێت و پارتى و بەشێک لە پێکهاتەی عەرەب بەشداریی تێدا ناکەن، هەروەها ڕێبوار تەها لە یەکێتی، بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار دیاری کراوە و محەمەد حافز لە پێکهاتەى عەرەبى، دەبێتە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و جێگرەکانیشیان لەلایەنەکانی دیکە دەبن.
لە ڕۆژی 18ی کانونی یەکەمی 2023وە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکانی کەرکوکەوە تاوەکو ئێستا نەتوانراوە پارێزگار، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و دوو جێگرەکانیان دیاریبکرێت.
