هەپەگە: لە چالاکییەکدا نۆ سەربازی تورکیا کوژران

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هەپەگە ڕایگەیاند، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە هۆکاری ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ی تەباخ چەندین چالاکییان ئەنجامدا و لە چالاکییەکانیاندا نۆ سەربازی تورکیا کوژران و داگیرکەرێکیش بریندار بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لەبارەى هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی لە دژی گەریلاکانی ئازادیی، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە: لە ١٣ چالاکی گەریلاکانى یەژاستار و هەپەگەدا لە ڕۆژانی ٧ تا ١٠ی ئاب لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گۆلکا لە هەرێمی مەتینا و لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی بەهار و لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی و گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، نۆ داگیرکەر سزادران، داگیرکەرێکیش بریندرابوو، گورز لە سێ حەفارە و میندۆزەرەوەیەک وەشێندرا.
هەپەگە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ١٠ی ئاب تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی ئێف ئێم سێ جار و گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی جودی دوو جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومان کراون.
ئەوەشی خستەڕوو، ٩ و ١٠ی ئاب لە هەرێمی خواکورک گۆڕەپانەکانی گردی شەهید هێمن، شەهید شەریف، بەربزن، سنین، لۆلان، لە هەرێمی گارە گۆڕەپانی دێرشێ، گردی زەنگل، گردی کون، زێڤکێ، شیێ، گرێ، دەریا هەرچێ، لە هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی بەهار و ساخی ئێف ئێم، لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانی بەرخودانی بێشیلی؛ بە گشتی ٢٥ جار ئەو شوێنانە بە فڕۆکەی شەڕ بۆردوومان کراون.
هەروەها ٨، ١٠ و ١١ی ئاب هەرێمەکانی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ گۆڕەپانەکانی بەرخودانی شاخی جودی، شاخی بەهار و لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانی بەرخودانی سەرێ مەتینا بە هێلیکۆپتەری هێرشبەر بۆردوومان کراون.
