بەشێک لە تورکمانەکان بە نهێنی لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتوون

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرەڕای ئەوەی بەرەی تورکمانی دابەشكردنی پۆستەکانی پارێزگای کەرکووک ڕەتدەکاتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی بەشێکی تورکمانەکان بە نهێنی لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتوون و پۆستی جێگری پارێزگاری کەرکووک وەردەگرن.
تورکمانەکان لە کەرکووک لەلایە دەڵێن دژ بە دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگاکەن و سکاڵا تۆمار دەکەن، لەلایەکی دیکەش سەرقاڵی وەرگرتنی پۆستی جێگری پارێزگاری شارەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، ئەحمەد ڕەزمی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەرەی تورکمانی لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتووە پۆستی جێگری پارێزگار وەربگرێت، بەڵام بە فشاری تورکمانەکان بەشداری لە کۆبوونەوەی شەوی ڕابردووی ئەنجوومەنەکەی لە بەغدا نەکردووە.
هەر بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی کۆبوونەتەوە، بەڵام ئەحمەد ڕەمزی بەشداری نەکردووە و ئەمەش بەوە لێکدەدرێتەوە کە لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتنی ژێربەژێری کردووە.
