چیرۆکی ئەو گەنجە بێ دایک و باوکەی حەوت هەزاریان پێ ڕەوا نەبینی

4 هەفتە لەمەوپێش



ئامادەکردنی/ هاوڵاتی نیوز

ئارام خەلیل تەمەنی هێشتا ٢٧ ساڵ بوو، بە کۆڵێکی قورسەوە بە شاخە سەختەکاندا دەچوو کۆڵبەری دەکرد، بەڵام لە کۆڵەکەی شانی قورستر، ئەو کۆڵەبوو کە خەمی بێدایک و باوکی و بەخێوکردنی خوشک و براکانی لە ئەستۆ گرتبوو، ساڵی ٢٠١٨ دایک و باوکی لەدەستدا و ئیتر هەمووشێک بۆ ئەو قڵپبوویەوە.

زیاتر لە دەساڵە ڕۆژانە شەش کاتژمێر بە شاخە سەختەکاندا دەڕوات، بە کۆڵێکی قورسەوە، تەنها بۆ حەوت هەزار دینار، کەچی وادیارە حەوت هەزارەکەشی پێ ڕەوا نابینن، هەر بۆیە بە فیشەکێک کۆتاییان بە ژیانی هێنا.

کەس نازانێت لە دڵی ئارامدا، لە مێشکی ئارامدا چی گوزەراوە، کاتێک شەش کاتژمێر ڕێی کردووە خەونی بە چییەوە بینیوە، ئایا خەونی بەوەدیوە وەک هاوتەمەنەکانی هاوسەرگیری بکات، یان خەونی بەوە دیوە خواردنێکی باشتر بۆ خوشک و براکانی دابین بکات، یان چ دڵێکی بە دەسەڵاتێک خۆشبووە کە هیچ بیرێکی لە ژیانی ئەو نەکردووەتەوە.

ئارام هەلیکارێکی سەختی بۆ خۆی دابین کرد، تەنها ماندوێتییەکەی بەس نەبوو، ئەوان ژیانیشیان دەویست بۆیە پاسەوانانی سنور وەک ئەوەی ئەو تاکە قاچاخچی گەورەی ئەم نیشتمانە بێت دایانە بەر دەستڕێژی گولـلە.

دوای ڕووداوەکە وەزیری ڕۆشنبیری بە شانازییەوە باسی لەوە کرد لە ڕووداوەکەی ساڵی پێشووشدا کە گەنجێکی تر کوژراوە سوڵحی عەشایەریان کردوە و وتی
پارسال ھەر لەھەمان شوێن کەسێکتریان کۆشت، سڵحیان بۆکرا لەلایەن کۆمەلایەتی ھەورامانەوە ،من و کاک جەمیل ھەورامی نیوەی زیاتری پارەی سڵحەکەشمان لە یەکێتی نیشتیمانی بۆ دان، ئەوەی بکوژەکان دایان قەرزیان بۆکرا ھێشتا قەرزەکەیان نەداوەتەوە.

لە چوار ساڵی ڕابردوودا 904 کۆڵبەری کورد کوژراون، بەڵام ئێستا لە دیوی هەرێمیشەوە پاسەوانەکانی سنور دەستیان بە کوشتنی گەنجانی هەرێم کردووە.
لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل لە نوێترین لێدوانیدا ڕەخنەی لەو سوڵحەکرد کە وەزیری ڕۆشنبیری هەرێم، حەمەی حەمە سەعید لەسەر کوژرانی گەنجێکی کۆڵبەر کردویەتی و دەڵێت بە پارەی دزراوی حیزب سوڵحەکە کراوە.

لاهور شێخ جەنگی بەشداری پرسەی ئارام خەلیلی ٢٧ ساڵی کرد باسی لەوە کرد جێگەی قبوڵ نییە کوژرانی گەنجێکی لەو شێوەیە دووبارە ببێتەوە کە بە ٧ هەزار کۆڵبەری کردووە و شەش سەعات بە کۆڵی خۆی بەو شاخەدا شتی گواستووەتەوە.

وتیشی ئەگەر مەبەستیانە سنوربەزاندن بنبڕ بکەن، ئەوەتا تورکیا ٣٠ کیلۆمەتر هاتووەتە ناوەوە بە بەرچاوی پاسەوانی سنورەوە سەدان گوندی وێران کردوە کەس ناوێرێت قسە بکات، ئەگەر مەبەستیشیان بنبڕکردنی قاچاخچێتییە وەرن با من ڕێگەیان پیشان بدەم تانکەر ڕیزبووە و ڕۆژانە هەزاران تەنکەر نەوتی ئەم وڵاتە دەدزێت، دووگ و هێلکە بە قاچاخ دەهێنرێت.

دواجار ئارام کوژرا  و هەرگیز بە خەونەکانی نەگەیشت، برا و خوشکەکانیشی بۆ ئازاری دیکە و قورستر جێهێشت، چونکە ئیتر ئارام و حەوت هەزارەکەی نابیننەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار