رووداوەكانی پشت هەڵبژاردنی پارێزگارە كوردەكەی كەركوك

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی/ عەلی مەحمود محەمەد
10ی ئاب لە كۆبوونەوەیەكی داخراودا بە زۆرینەی 9 كەس لە كۆی 16 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، لە میوانخانەی رەشید لە شاری بەغدا لە دووری 258،6 كیلۆمەترەوە لە تەلاری ئەنجومەنەكە، رێبوار تەها وەك پارێزگاری نوێ بۆ شاری كەركوك لەسەر لیستی (كەركوك هێز و ئیرادەمانە)ی ینك هەڵبژێردرا. بە بێ ئاگاداركردنەوەی 7 ئەندامەكەی دیكەی ئەنجومەن كە دەكاتە %45ی ئەندامانی ئەنجومەنەكە، كۆبونەوەكە بە بەشداری 5 ئەندامی ینك، 3 عەرەبی سونە، ئەندامێكی كریستانەكان "ئنجیل زیا شیبا زیا ئەلبەرواری" بە 208 دەنگی ینك ببوو بە ئەندامی ئەنجومەن، هەڵبژاردنی ئەو لە فۆرمی هەڵبژاردنی مونا قەهوەچییە بۆ پەرلەمانی كوردستان، بە دەنگی لیوا تایبەتەكانی ینك لە بەغدا هەڵبژێردرا بوو، خۆی و پیاوەكەی كارمەندی تیڤی كەركووكی ینك ن، بەڵام بە ناوی لیستی بابلیونی رەیان كلدانی كە سەر بە كەتایبی بابلیونی حەشدی شەعبییە خۆی كاندید كردبوو، رەیان كلدانی بە بنەچە كریستانە و خەڵكی قوشە لە پارێزگای موسڵ، بەڵام دانیشتووی شاری سەدرە و سەرۆكی كەتیبەی بابلیونە، لە رێكەوتی 18-7-2019 ەوە لە لیستی سزادراوانی یاسای ماغنیستی ئەمەریكادایە بەهۆی گەندەڵی و داگیركردن و فرۆشتنی زەوی هاووڵاتیانەوە لە دەشتی موسڵ و پەلاماردانی ئافرەتان و پێشێلكردنی مافی مرۆڤەوە، ئەو دژە ئیسلامی سونەیە تا ئاستی راسیزم، لە موسڵ وەحشیانە لە گەڵ پێكهاتەی سونە مامەڵەی كردووە، كەنیسەکانی كریستانەكان بێ بەریبوونی خۆیان لە كەتیبەكەی راگەیاندووە، یەكێك لە نزیكەكانی قاسم سلێمانی و مەهدی موهەندیس بووە، پێشتر لە سوپای مەهدی بووە، بەهۆی ژنخوازییەوە بووە بە موسڵمانی شیعە، 4 پەرلەمانتارەكەی لە كۆتای كریستانەکان بەهەمان شێوەی كاندیدەكەی كەركووك دەرچوون، چاودێرانی كریستان پێیان وایە تەنها 10%ی كریستانەكان دەنگیان بە لیستەكەی داوە، بە فێڵ كورسیی كریستانەكانی بۆ خۆی بردووە".
كورد و پۆستی پارێزگا
بۆ پێكهاتەی كورد پۆستی پارێزگای كەركوك گرنگیییەكی مەعنەوی هەیە لەم كاتەدا دوای 7 ساڵ پەراوێز خستنی لە شارەكە، بە تایبەت بۆ "ینك" كە لە قەیرانی رێكخراوەیی قوڵدایە و بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەڕوات، بەم پۆستە دەتوانێت هەندێك لە زیانەكانی كەمبكاتەوە، هەرچەندە تا ئێستا ناوێرێت ناوەڕۆكی رێكەوتنەكە بڵاو بكاتەوە بۆ رای گشتی.
رێبوار تەها سێیەم پارێزگاری كوردە لە كەركووك، لە دوو پارێزگاكەی پێشووتر لاوازترە بەهۆی ئەوەی: "لە لیستەكەی خۆیدا دەنگی یەكەم نەبووە "
نەشئەت شاهویز خورشید عەلی 42166 دەنگی هێناوە، رێبوار تەها ئەحمەد شێخانی 29861 دەنگی هێناوە، لە كاتێكدا رێبوار سەرۆكی لیستیش بووە، رێژەی دەنگەكانی دەكاتە 70،8%ی دەنگەكان نەشئەت، هەروەها لە رابردوودا لێكتێگەیشتن بەهۆی سیاسەتی پراگماتیكی جەلال تاڵەبانییەوە هەبووە لەناو لایەنە كوردییەكان بۆ پشتیوانی هەردوو پارێزگارەكەی پێشوو، كەسایەتییەكی بەهێز و پێگەیەكی گرنگی سیاسی لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە هەبوو، هەموو پارتەكان پشتیوانییان لێی دەكرد، هەروەها پارێزگارەكانی رابردوو بەهێزتر و رۆشنبیرتر بوون، پارێزگاری ئێستا وێڕای پشتیوانی جەماوەری و حزبی كەمترە و حزبەكەشی لە ئێستادا زۆر لاوازترە و كەسایەتی حزبی بەهێزتر لە لایەنەكەی خۆی لە شارەكەدا هەیە، ئەمەش وا دەكات لە شارەكە وەك سێبەری ئەو دەربكەوێت و هاتۆتە سەر ئیدارەیەك شارەكەی بە چەكداری حەشد داگیركراوە، 7 ساڵ لەمەوپێش بە شكستێكی سەربازی گەورە پێكهاتەكەی لە شار دەركراوە، هاوكات لە كابینەی میوانخانەی رەشیددا كورد لاوازتر دەرچووە، هیچ پۆستێكی ئەمنی شارەكەی پێ نەدراوە، نفوس و تاپۆ و كشتوكاڵ و هەردوو قەزای دوبس و داقوقی پێ نەدراوە كە هەر پێنجی بۆ دۆسییەكانی گرنگن و لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گرنگدایە بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان، ئەمە وێڕای خودی رێككەوتنەكە بە ئاشكرا و بەشداری نەیاران ئەنجام نەدراوە و بەشێوەی دیموكراسیانە دەنگی پێ نەدراوە و لە رووی یاساییەوە كەلێنی تێدایە وەك نەیارانی ئاماژەی پێ دەدەن.
پێكهاتەی عەرەب
لە رێكەوتننامەی هوتێل رەشید لە كۆی 6 كورسی كە هەیان بووە 3 ئەندامی لیستە عەرەبییەكان بەشدار بوون.
گرنگترین خاڵی رێكەوتننامەی میوانخانەی رەشید كەرتكردنی لیستی عەرەبە سونەكان بوو بەرامبەر بە پارە و بەخشینی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و زیاتر لە 20 پۆستی دیکە لە شاری كەركوك .
پێشتر پێكهاتەی عەرەبی سوونە هاوپەیمانی نزیكی پارتی بوون، لەگەڵ بوونی یۆنامی و سوپای ئەمەریكا لە عێراق، بە هەموویانەوە رێگربوون لەبەردەم ئەوەی پارتە شیعە ئیسلامییەكان عێراق بتوانن بە سیناریۆكانی ئێران لە عێراقدا بەرەو دەوڵەتێكی ئیسلامی شیعەگەرای ناوەندی بڕۆن و کۆسپەکانی بەردەمیان هەڵبگرن، بەم رێكەوتنە سونەكان ریزەكانیان كەرتبوو، هەرچەندە باڵی بەشدار بوو وەك خاین لە شەقامی سونەكان سەیر دەكرێن، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا چانسیان كەمتر دەبێت، عەرەبە سونەكان بڕبڕەی پشتی دەسەڵاتی بەعس بوون، كورد تاڵی زۆری بەدەستیانەوە بینی تا گەیشت بە ئەنجامدانی 4 پرۆسەی جینۆساید، بۆیە پشتیوانی جەماەری شەقامی كوردی نییە بۆ ئەو هاوپەیمانییە.
ئەم رێكەوتنەی شیعەكان كردوویانە، بە پشتیوانی ئێرانییەكان بووە، قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی هەق زامنی كردووە، پردی بە یەكگەیشتنی نێوان پاڤێڵ تاڵەبانی و رەیان كلدانی و محەمەد حەلبوسی بووە، بە بەشداری كوتلەی "ینك" لە حكومەتی عێراقیی لە بەغدا، لە هاوكێشەكە تەنها حەلبووسی كارەكتەری نوێیە و هێنراوەتە ناو بازنەكەوە، هەرچەندە نە عەرەبی شیعە و نە توركمانی شیعە هیچ كورسییەكیان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بەدەست نەهێناوە، كەچی پەرلەمانتارێكی توركمانی شیعە سەر بە بەدر بەشداری كۆبوونەوەكە بووە وەك نوێنەری توركمان، هەرچەندە لیستی توركمان و عەرەبە شیعەکان لە كەركوك دۆڕاون لە هەڵبژاردنەكەدا.
حەلبوسی میوانە تازەكە بووە لە رێكەوتنەكە، پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكی وەرگرتووە، بەهۆی ئەم رێكەوتنە و كەرتكردنی ناو ماڵی عەرەبی سونە، چاوی لە سەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیشە لیستەكەی بەدەستی بهێنێت، بە پاڵپشتی شیعەكان و ینك و رەیان كلدانی، وەك پاداشتێك بۆ ئەم رێكەوتنەی كە باجەكەی گرانە بۆی لە شەقامی سونەکاندا و كەرتكردنی دەنگی عەرەبی سونەیە بۆ یەكەمجار لە 21 ساڵی رابردوودا.
ئەركی پاڤێڵ لەم رێكەوتنەدا تەنها واژۆكردن بووە، لە مەتبەخی ئێران و شیعەكان خواردنەكە ئامادە كراوە، پاڤێڵ تامكردنەكەشی بەدەست نەبووە، ئەركی تەنها خواردنی بووە، خواردنەكەشی لە نێوان هەنگوین و پیاڵە ژەهردایە، لە ئێستادا تا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێدەپەڕێت تامی هەنگوینەكەی لە دەمدا دەمێنێ.
ئێرانییەكان چییان دوورییەوە
ئەم رێكەوتننامەیە بۆ ئێرانییەكان گەورەترین سەركەوتن بوو، لە هەنگاوە كۆتاییدا كە دامەزراندنی حكومەتێكی ئیسلامی شیعەگەرایە لە عێراق و چەندین فرسەخ نزیكی كردنەوە، كورد جگە لەوەی خۆی بە لاوازی دەرچوو، ماڵی عەرەبی سونەشی وێران كرد و کردنی بە دوو کەرتەوە بۆ شیعەکان وەک خۆیان.
ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە؛ ئیتر ئەم تەرزە لە پێكهێنانی حكومەت ئەگەری هەیە ببێتە نەریت لە عێراقدا، كە پێشتر لە پارێزگای دیالە تاقیكرایەوە، شیعەكان كەی ویستیان گروپێك ببەن بۆ میوانخانەیەكی بەغدا و ستراتیجیەتی خۆیانی پێ جێبەجێ بكەن بەرامبەر هەر لایەنێك رێگر بێت لە بەردەمیاندا.
ئەگەر شیعەی عێراق شانسی ئەوەیان هەبێت لە دەسەڵاتدارێتی عێراق بەردەوام بن، ئەوجا بۆمان دەردەكەوێت رێكەتننامەی لەم شێوەیە چۆن لە پیادەكردنی دەسەڵاتێكی فاشیستی نزیكیان دەكاتەوە.
ئێرانییەكان چۆن بۆ توركمانە تۆڕانییە سونەكان ئەلتەرناتیفی توركمانی شیعەیان سەر بە بەدر ئامادە كردبوو، لە داهاتوودا بۆ عەرەبەكان و كوردەكانیش عەرەب و كوردی شیعە ئامادە دەكەن و پێویستیان بەم فاكتەرانەی ئێستا نامێنێت.
