وەزارەتی دارایی هەرێم دان بە ڕاستییەکاندا دەنێت

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی مووچە بڵاودەکاتەوە و لە چەند خاڵێکدا هۆکارەکانی دواکەوتنی مووچەی مانگی حەوت دەخاتەڕوو، ئەنجومەنی وەزیرانیش ئەمڕۆ تاوتوێی تێبینییەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق دەکات.
31 ڕۆژە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی حەوت ڕەوانەی بەغدا کردووە، تاوەکو ئێستا پارەی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هۆکاری نەناردنەکەی سیاسییە.
ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەسەر پرسی هەڵبژاردن و تێبینیەکانی چاودێری دارایی عێراق کۆدەبێتەوە و چارەنووسی مووچەش دیار نییە.
لە ڕاگەیێنراوی فەرمی وەزارەتی دارایی هاتووە، "هۆکاری نەناردنی مووچە، پەیوەندی بە زیادبوونی تەمویلی مووچە و ژمارەی فەرمانبەر و مووچەخۆرەوە نییە، هۆکارەکە سیاسییە و یاسایی نییە".
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە چەند خاڵێک هۆکارەکانی نەناردنی مووچە دەخاتەڕوو.
1- سەبارەت بە دووبارە بونەوەی ناوی مووچەخۆران لە نێوان هەرێم و بەغدا، دوای بەدواداچوون دەرکەوتووە ئەو ناوانە هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و زۆربەیان فەرمانبەرن بەپێی یاساو دۆسیەی تەواویان هەیە، بەڵام لە حکومەتی عێراق سودمەندن لە هاوکاری چاودێری کۆمەڵایەتی، واتە لەجیاتی ڕاگرتنی مووچە پێویست بوو وەزارەتی دارایی فیدراڵی هاوکاریەکە لای خۆیان ڕابگرن نەک مووچە.
2- سەبارەت بە کێشەی نەبونی بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان، پێشتر ئاگاداری وەزارەتی دارایی فیدراڵمان کردووە کە پرۆسەی بایۆمەتری سەدا سەد بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان نەکراوە بەهەندێک هۆکاری جیاواز لەوانە بونی وارسی خانەنشین و بەشێکی تریشیان لەدەرەوەی وڵات ژیان بەسەردەبەن.
3- ئەو ناوە دووبارانەی لە لیستی مووچەدا هەیە بە تایبەت لە چەند وەزارەتێکى حکومەتى هەرێمی کوردستان کە یەکێک لە تێبینیەکانی تیمى هاوبەشە دواى بە دواداچوون لەگەڵ وەزارەتەکان دەرکەوتووە ناوی چواریان دووبارەیە، بەڵام ناوی دایکیان و تەمەنیان جیاوازە ( تشابە الاسماء)، واتە هیچ یاسا شکێنیەکی تێدا نییە.
4- کێشەی مووچەی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەی کەرکووک و فەرمانگەکانى دیکەی ئەو پارێزگایە کە میلاکیان لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستانە، کێشەیەکی کۆنەو لەدوای ساڵی 2003 وە بەردەوامە و پێویستی بەڕێککەوتنی سیاسیی هەیە.
5- بە پێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی دەبێت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم هاوتای مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق بکرێت، بۆیە تەمویلی مووچەى نێوان مانگى (6 و 7) 2024 زیادبووە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان مووچەی خانەنشینانی هاوتاکردووە و بەمەش 54 ملیار و 208 ملیۆن دینار زیادبووە.
تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق، تەنیا یەک ملیارو 426 ملیۆنی وەک مووچەی دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکی و دەستەی ژینگە، کە دەکاتە (%00.14)کۆی تەمویلی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردووە.
