دانیشتووانی گوندێکی ئامێدی بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە گیریان خواردووە
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەهۆی بۆردومانەکانی ئەمڕۆی سوپای تورکیا لە دەڤەری بەرواری باڵا، ئاگر لە پێنج گوند کەوتووەتەوە و دانیشتووانی گوندێکیش گیریان خواردووە.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی ڕایگەیاند، بەهۆی بەردەوامی شەڕ و بۆردومانی چڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپبارانەکانی تورکیا لە دەڤەری بەرواری باڵا، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، ئاگر گەیشتووەتە ناو گوندەکانی “مێرگا قەسرێ، گرێ سۆر، ئەلکیشکێ، جمبلکێ و بێلیزانێ”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگرەکەی گوندی ئەلکیشکێ گەیشتووەتە ناو ماڵی گوندنشینان و باخ و بێستانی جوتیارەکان و گۆڕستانی گوندەکەشی گرتۆتەوە. بەهۆی بڵێسەی ئاگرەکە، شەقامی سەرەکی بۆ چوونە ژوورەوە یاخود هاتنە دەرەوە لە ناو گوندەکە داخراوە.
وتیشی، ژمارەیەک لە گوندنشینان توانیویانە خۆیان دەرباز بکەن و لە گوندەکە بێنە دەرەوە، بەڵام لە ئێستادا ١٩ خێزانی ناو گوندەکە گیریان خواردووە و داوای بە هاناوەچوون دەکەن بۆ دەربازکردنیان.
ڕێژەی دارستان و پوش و پاوەنی سوتاو بەهۆی شەڕ و بۆردوومانەکانی ئەمڕۆی سوپای تورکیا لە دەڤەری بەرواری باڵا، بە ٢،٤٠٠ دۆنم زەوی دەخەمڵێندرێت.