ئەوانەی بەڕاسگۆیی درۆ دەکەن!
3 مانگ لەمەوپێش
محەمەد خۆشناو
دان بەوەدا دەنێم، دوای ئەزموونێکی قووڵ و درێژی کارکردنم لەسەر دەروونی مرۆڤ، نەمتوانی بزانم مرۆڤەکان چۆن دەتوانن لەگەڵ ئەو هەموو درۆیانەدا بژین .
زیگمۆند فرۆید
بەداخەوە بەرژەوەندی و ململانێی تەسکی سیاسیی و حزبیی نێوان حزبەکان وایکردووە دیاردەی فریودان و درۆکردن وا تەشەنە بکات بگاتە ڕادەی ئەوەی بیکاتە پەردەیەک بۆ ناپاکیی و لەهەمان کاتدا بەو بەرگەوە خۆت بە پاکترینیان دابنێیت و گوێنەدەیتە ئەوەی ئەم درۆکردنە چ کاریگەرییەک لەسەر ژیانی خەڵک دروست دەکات؟!
گۆبلز-ی وەزیری پڕوپاگەندەی هیتلەر و نازیەکان مرد، بەڵام ڕێبازەکەی نەمردووە، گۆبلز لە دوای خۆی ژمارەیەکی زۆری لە قووتابیانی جێهێشتووە کە لەسەر ڕێگای ئەو دەڕۆن، لەوانە هەندێکیان ئێستا لە کوردستانن.
وەک چۆن قوتابخانەی ئەدەبی و فکری هەیە، ئاواش جۆرەها قوتابخانەی درۆ و تایبەتمەندی هەیە، بەتایبەتی لە ڕاگەیاندندا.
پەیڕەوانی ئەو قوتابخانەیە دەگەنە قۆناغی باوەڕکردن بە درۆکانی خۆیان، ئەم دیاردەیە بۆتە مەترسییەک لەسەر هەرێمی کوردستان، ئەوەتا لەناو خودی سیاسییەکاندا درۆ تەقدیس دەکرێ.
مەترسی پیرۆزکردنی درۆش لەوەدایە؛ ئەوکەسەی ڕاستی دەشارێتەوە دەبێتە کەسێکی بێ کەموکوڕی، بەپێچەوانەشەوە ئەوەی ڕاستییەکان ناشارێتەوە ناسروشتی دەردەکەوێت و تۆنێکی ناتەبایە لە سەمفۆنیای گەردووندا و ڕووبەڕووی ناشیرینی و گاڵتەجاڕی دەبێتەوە لە لایەن مرۆڤەکانەوە.
لەو بڕوایەدام نەخۆشییە درێژخایەنەکە لە واقیعی ئێمەدا درۆ نییە، بەڵکو ڕەوایەتیدانە بە پیرۆزکردن و شکۆدارکردنی درۆ و چەندان ڕەنگیان بۆ درۆ داهێناوە، لەوانە ڕەش و سپی و پرتەقاڵی، سیاسەت بە هونەری درۆکردن ناو دەبەن، وەرن سەیرکەن تووشی چ دۆخێکی ماڵوێرانی بوین! ،خیانەت بە مۆدێرنە و دووفاقی بە زیرەکی و درۆش بە نواندن دادەنرێت.
ڕۆژێکیان لە « بیکاسۆ»ی هونەرمەندی بەناوبانگی شێوەکارییان پرسی، بۆچی ناچیت بۆ سەیری شانۆگەری؟ لە وەڵامدا وتی: (پەنجەرەیەکم هەیە دەڕوانێت بەسەر شەقامدا و پێموایە ئەوە بەسە! کە هەمووان نواندن دەکەن).
درۆکانی ئێستا پاڵەوانی خۆیان هەیە و هەندێک لەو درۆزنانەی لای خۆمان، شەرعییەتیان داوە بە درۆ و بێ شەرم و حەیا لە شاشەی کەناڵەکان و ئامرازەکانی دیکەی ڕاگەیاندنەوە بە ئاشکرا درۆ دەکەن.
ڕێگەیەکی دیکەی درۆکردن بەتایبەت لە سۆشیاڵمیدیادا هەیە، ئەویش ئەوەیە درۆیەک دروست دەکرێ و دەستدەکرێت بە پەرەپێدانی و کار لەسەر شیکردنەوەی دەکرێت و لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو دەکرێتەوە.
دواتر وەک ڕاستیەکی ڕەها مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ و بۆ سایتەکانی هەواڵ و کەناڵەکان دەنێردرێت و هەندێک کەسیش میوانداریی دەکرێن بۆ شیکردنەوە و تیۆریزەکردن و زیادکردنی بەهارات بۆی.
لەولایشەوە جەماوەرێکی بەرمەجەکراو ئامادەیە بۆ باوەڕکردن بەو درۆڕیزکردن و قسە نەشیاوانەی بێ بیرکردنەوە دەکرێن.
درۆکردن لە سیاسەتدا پرسێکی کەسیی نییە، بەڵکە پیشەسازییەکە لە ڕێی سەرکردە و ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکارانەوە جەماورێکی زۆری بۆ کۆدەکرێتەوە و ئامادەدەکرێن.
وەک چۆن ئێستا هەندێک پەرلەمانتار لە بەغدا و هەندێک سیاسیی لە هەرێم پیڕەوی لێدەکەن.
نازانم چی هەرێمی کوردستانی گەیاندە ئەم قۆناغە، ئایا بە هۆی کۆتە کۆمەڵاتییەکان و نەریتی بەردیینەوەیە یان بە هۆی سەرلێشێواوی و ونبوونەوەیە لەناو جەنگەڵستاندا!
ڕووداوێکی سادەی ڕاستیی ڕێڕەوی ژیانی تەواوی گەلێک دەگۆڕێت، وەک چۆن درۆیەکی ڕەنگاوڕەنگ ژیانی گەلێک دەخاتە ناو ئاژاوەگێڕی و خوێن و کودەتاوە، کە لەمڕۆدا لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا ڕوودەدەن.
زۆرێک لە سیاسەتمەداران پەنا دەبەنە بەر درۆ بۆ فریودانی نەیارەکانیان، بۆ ئەوەی بتوانن لە پێگەی خۆیاندا بمێننەوە و بەرگری لە بەرژەوەندیەکانیان بکەن.
لە ئێستادا بە هۆی تێکەڵاوبوونی ئەو لێشاوە زۆرەی زانیارییەکانەوە سنووری نێوان ڕاستی و درۆ عاقڵ و گەمژە ، ڕێزدار و بێڕێز، کاڵبۆتەوە، ئەو کەسەی بەرژەوەندی لە بەردەوامیی گەندەڵیدایە دەبینیین قسە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەکات، ئێمە لە دونیایەکی پڕ لە فەوزا و ستەم و درۆدا دەژین.
ئەم ساتە ساتێکی بێوێنەیە کە ڕاستییەکان دەکوژرێن و درۆ دەکرێت بە کێل بۆیان!
شەرم و شکۆ نەماوە و هەموو ئەو شتانەی پێشتر لەسەردەمی قەیران و ناخۆشیدا پشتی یەکتریمان پێدەگرت، لەگەڵ هەڵکردنی«با»ی سەرگەردانی و درۆدا ڕۆیشتن.