کێ حوکم بکات دونیا دەبێتە شامی شەریف؟

2 هەفتە لەمەوپێش



ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

کارل پۆپەر پێی وایە ئەفلاتون پرسیارێکی کردووە وا بۆ بیست سەدە دەچێت حوکمڕانیی بە خۆیەوە گیرۆدە و مەشغوڵ کردووە. پرسیارەکەی ئەفلاتوون ئەوەیە "کێ دەبێت حکومەت بگرێتە دەست و ببێتە حوکمڕان؟" مێژووی وەڵامەکان جیاوازن، هەندێک دەڵێن دەبێت ئەو کەسە عادل بێت، هەندێکی دیکە دەڵێن دەبێت حەکیم و فەیلەسوف بێت، هەندێکی دیکە وڵامیان ئەوە بووە کەسی حوکمڕان دەبێت زانا و دانا بێت... هتد.

کارل پۆپەر پێی وایە دەبێت گۆڕانکاری لە ئەسڵی پرسیارەکەی ئەفلاتووندا بکرێت، چونکە لەخۆیدا ئەم پرسیارە لەنگ و ناتەواوە. پۆپەر پێی وایە دەبێت پرسیارەکەبەم شێوەیە بکرێت " حوکمڕانی دەبێت چۆن و بە چ شێوەیەک بکرێت، ئیدی کەسەکە گرنگ نییە کێیە کەدەبێتە حوکمڕان. حوکمڕانی دروست دەبێت لە کەس سەنتەرییەوە بگوازێتەوە بۆ میتۆد سەنتەریی چۆنایەتی"

بەبۆچوونی ئەو کەسێکی باش دەشێت حوکمێکی خراپ بکات و کەسێکی خراپیش لە میتۆدێکی حوکمڕانی باشدا دەشێت حوکمێکی باش بکات، واتە گوزارەکانی عەدالەتی عومەری و گەڕاندنەوەی خیلافەت و ملکەچی بۆ مەڕجەع و شەمائیلەکانی سەرۆکی بێ ڕکابەر هیچ نین جگە لە حەزو خولیای دەستەبژێرێک بۆ زوڵم و فەساد و گەندەڵی بێ سنوور، ئەو گوزارانە چیدی سەر بە دونیای نوێی سیاسی نین. بەشێکی زۆری بیرمەندانی فەلسەفەی سیاسەت پێیان وایە ئەو کارەی کە جان جاک ڕۆسۆ کردی هیچی کەمتر نەبوو لە شۆڕشەکەی کۆپەرنیکۆس. ڕۆسۆ باوەڕی وابوو هیچ کەسێک نییە لەئەگەری پێدانی دەسەڵاتێکی زۆردا فاسد نەبێت. بیردۆزە سیاسییەکەی ڕۆسۆ جەختی لە لێکهەڵوەشاندنی دەسەڵاتەکان "تفکیک مفهوم القوە" دەکردەوە ، بەجۆرێک شتێک بەناوی حاکمی موتڵەق بوونی نەمێنێت، چونکە بەبۆچوونی ئەو هەموو حوکمێکی موتڵەق فەسادێکی موتڵەق بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

بیرۆکەی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دادوەری و یاسادانان و جێبەجێکردن بیرۆکەیەکی ڕۆسۆییە. ئەوەی توانی کڵێسا و لویس و قەیسەر و پادشا و حاکمە موتڵەقەکانی ئەۆروپا بشکێنێت و شۆڕشی ڕێنیسانس دروست بکات ئەم عەقڵە گەورانەی پشت سیاسەت بوون، نەوەک مۆلۆتۆڤی گەنجێکی حەماسیی پاریس و ئەو ئاگر و ئاسنەی لە شۆڕشی پیشەسازییدا ڕژان بەسەر لویسەکاندا.

هیندییەکان دەڵێن ئەوەی ڕازی نەبوو کورسییەکەی  بەجێبهێڵێت بزانە ژێر خۆی پیس کردووە، جا دەسەڵاتی موتڵەق و هێزی ڕەها بەردەوام فەرمانڕەوایان و دیکتاتۆرانی لە مێژوودا توشی ژەهراویبوون و سکچوونی سیاسیی کردووە  و دواتر باجەکەی هەر میللەت داوێتی.

بە بۆچوونی بەندە گەورەترین کێشەی "سیاسەت" و "حوکم" و شۆڕشی کوردیی نەبوونی ماستەرمایند و عەقڵی گەورەی سیاسییە  لەپشت جوڵەکانەوە. ئەوەی هەیە بە درێژایی هەشتاساڵی ڕابردوو لەژێر ناوی جەیشێک لە کتێبنووس و ڕۆشنبیر و بیرمەندی سیاسیی و کۆلێژەکانی سیاسەت، هیچ نەبوون جگە لە کۆمەڵێک چاپلوس و خزمەتکاری حاکمە موتڵەقەکان و سەرانی حوکمی موتڵەقی شۆڕش و دەسەڵات و "حوکمڕانیی". دەنا بە چ دینێک ڕەوایە تۆ هەشتا ساڵە خەبات بکەیت بەڵام کتێبێک، ئارتیکڵێکی زانستی، یان پەرەگرافێکی وا زانستیت نەبێت لەسەر ئەو جوڵەو شۆڕشانەی سەد ساڵی ڕابردوو بۆ ئەوەی بتوانیت وەریانگێڕیتە سەر زمانێکی زیندووی جیهان و بتوانیت لە زانکۆیەکی موعتەبەردا ئیڤێنتێک، سیمینارێک یان کۆڕێکی بۆ ڕێکبخەیت و دونیای دەرەوە لە هەشتاساڵی ڕابردووی گەلەکەت تێبگەیەنیت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار