ئەو 10 هۆكارەی وادەكەن هەڵبژاردنی داهاتوو تەواو جیاواز بێت

2 ڕۆژ لەمەوپێش



هەڵبژاردنی ئەمجارەی كوردستان قسەوباسی زۆری لەسەر دەكرێت، بەهەموو پێوەرێك، یان خوێندنەوەیەكی واقعیی، هەم ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە جیاواز دەبێت لە هەموو هەڵبژاردنەكانی رابردوو، هەمیش پێكهێنانی كابینەی داهاتوو جیاواز دەبێت.

بەخوێندنەوەی ئەو گۆڕانانەی بەسەر واقعی هەڵبژاردندا هاتوون، پێدەچێت دابەشبوونەوەیەكی نوێ‌ لە نەخشەی سیاسی كوردستاندا ڕوو بدات. حزبە حوكمڕانە تەقلیدییەكان (پارتی و یەكێتیی) رووبەرووی واقعێكی زۆر نوێ‌ دەبنەوە كە لەماوەی 30 ساڵی رابردوو، رووبەرووی نەبوونەتەوە، چونكە دەنگەكانیان وەك پێشبینی دەكرێت زۆر كەم دەكات.
 
بەپێی خوێندنەوەی ئەم واقعەی ئێستا لەبەر ئەم هۆكارانە دەنگی هەردوو حزب كەم دەكات:
 
یەكەم: سەدان هەزار كەس كە پێشتر مافی دەنگدانیان پێدرابوو خەڵكی پارچەكانی دیكەی كوردستان بوون، ئەمجارە ناتوانن دەنگ بدەن. هەروەك پێشتریش باسی جیاوازیی نێوان لیستی دەنگدەران لە كۆمسیۆنی هەرێم و لیستی دەنگدەران لە كۆمسیۆنی عێراق دەكرا. ئەمجارە ئەوانە ناتوانن دەنگ بدەن.


دووەم: ژمارەی دەنگدەری تایبەت لەنزیكەی 400 هەزار كەس، كەمكرایەوە بۆ 215 هەزارێك. هەموو هەڵبژاردنێك پارتی و یەكێتیی فشاری زۆر دەخەنە سەردەنگدەری تایبەت، بەم هەڵبژاردنەشەوە. بەڵام ئەو ژمارەیە كەمكراوەتەوە بۆ ئەمجارە نزیكەی 180 هەزار دەنگدەر فشاری پارتی و یەكێتیان لەسەر لابراوە و ئازادانە دەتوانن دەنگ بدەن.
سێیەم: بۆ ئەم هەڵبژاردنە، زیاتر لە 700 هەزار دەنگدەری نوێ هەن، كە یەكەمجارە بەشداری لە هەڵبژاردنی كوردستاندا دەكەن. ئەم نەوەیە حەماسی هاتنە سەر سندوقیان زۆرە. یەكەم بەشداریكردنیانە لەهەڵبژاردنی كوردستان بۆیە رێژەیەكی ئێجگار زۆریان دێنە سەر سندوق. بەڵام ئەوەی پێشبینی دەكرێت كەمترینیان دەنگ بە پارتی و یەكێتیی دەدەن، چونكە هیچ موشتەرەكات و خاڵی هاوبەشیان لەگەڵ پارتی و یەكێتیی نییە. هەر ئەم 700 هەزار دەنگدەرە، كاریگەری زۆر گەورەیان لەسەر دەنگی پارتی و یەكێتیی دەبێت.


چوارەم: كوردستان كراوەتە 4 بازنە، ئەمەش كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر دووبارە دابەشبوونەوەی كورسیەكانی پەرلەمان. نرخی كورسی لە پارێزگایەك بۆ پارێزگایەكی دیكە بەپێی رێژەی دەنگدان دەگۆڕێت. لەم هەڵبژاردنەدا پارتی ناتوانێت بەدەنگی پارێزگای دهۆك كاریگەری لەسەر سلێمانی دروستبكات و یەكێتیش ناتوانێت بەدەنگی سلێمانیی كاریگەری لەسەر هەولێر دروستبكات.


پێنجەم: ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمان لە 111 كورسیەوە كراوەتە 100 كورسی. هەرچەندە 5 كۆتا هەیە و ئەوەی پێشبینی دەكرێت هەر پارتی و یەكێتیی بیبەن، چونكە كۆتاكان بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردووە، بەڵام ئەمجارە كەمتر دەنگی كۆتا كاریگەری لەسەر نەخشەی دابەشبوونی دەنگەكانی ناو پەرلەمان دروستدەكات.


شەشەم: ئەمجارە ساختەكاریی لەناو وێستگەكانی دەنگدان زۆر زەحمەت دەبێت، چونكە پەنجەمۆر و بایۆمەترییە، بۆیە ئەستەمە بۆ پارتی و یەكێتیی بتوانن لەڕێی ساختەكردنەوە لە وێستگەكانی دەنگداندا كاریگەری دروستبكەن، بەڵام ساختەكردنیش لە ناوەندی زانیاریی یاخود داتاسەنتەر ئەگەرێكی كراوەیە، ئەگەر ئەوە بكرێت، ئیدی هەڵبژاردن هیچ قیمەتێكی نامێنێت! هەروەك ئێستا حزب هەیە لە كۆڕوكۆبونەوەكانی خۆیدا باسی ئەوە دەكات كە دەرودراوسێ‌ وەعدی پێداون شتێكیان بۆ بكات!


حەوتەم: جاران لە كۆمسیۆنی باڵای هەرێمی كوردستان دەستەیەكی دادوەریی هەبوو بۆ پێداچوونەوە بەسكاڵای لایەنەكاندا، ئەو دەستەیە لە چەند دادوەرێكی كوردستان پێكهێنرابوو. ئەو دەستەیە لەژێر كاریگەری پارتی و یەكێتییدا بوو، بەڵام ئێستا دەستەی دادوەریی بۆ هەڵبژاردنی كوردستان لە بەغدا دروستكراوە و كەمتر لەژێر كاریگەری پارتی و یەكێتییدایە، بۆیە پێشبینی دەكرێت پێداچوونەوە بە سكاڵاكانی سەر هەڵبژاردنیش باشتربێت لە جاران.


هەشتەم: بۆ ئەم هەڵبژاردنە لیست و قەوارەی نوێ هاتوونەتە كێبڕكێی پەرلەمانییەوە و خۆیان وەك بەدیلی ئەم حكومڕانییە خستۆتەڕوو، یەكێك لەوانە لیستی "بەرەی گەل"ـە، بە رابەرایەتی لاهور شێخ جەنگی. پێشبینی دەكرێت بەرەی گەل جگە لە دەنگی پارتیی، دەنگێكی ئێجگار زۆری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیش ببات.


نۆیەم: موچەی فەرمانبەران و خزمەتگوزارییەكان لە هەرێم لە دۆخێكی ئێجگار خراپدایە. ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەندی مەرجەكانی بەغدا نەبێت، ئەوا موچەی مانگی 9 و 10ی داهاتوو لە لایەن بەغداوە زۆر بە درەنگ دەنێردرێت! ئەمەش بێگومان راستەوخۆ كاردەكاتە باری دەروونی هاوڵاتیان، هەموو دەزانن كە ئەم دۆخە خراپەی ئێستای موچە و ژیان لە كوردستان بەهۆی بڕیارە هاوبەشەكانی پارتی و یەكێتییەوە بووە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا. هەر لە سەربەخۆكردنی ئابورییەوە بگرە تا دەگاتە رادەستنەكردنی نەوت و بڕینی موچە و دەستبردن بۆ گیرفانی هاوڵاتیان و ..هتد. > Mahran Ramazan: دەیەم: خواستێكی نێودەوڵەتیی هەیە كە پارتی و یەكێتیی لاوازبن، چونكە دەیان ساڵە هێزی پێشمەرگەیان یەكنەخستووە و بوونەتە بەشێك لە ئەجێندای ئیقلیمیی! ئەمەش نیگەرانیی زۆری لای ئەمریكا و بریتانیا و ئەوروپا دروستكردووە.


هەموو ئەو ئەگەر و فاكتەرانەی باسمانكردوون، كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێت، بۆیە پێشبینی دەكرێت پارتی و یەكێتیی رووبەرووی واقعێكی نوێ‌ ببنەوە كە پێشبینی نەكراوە بۆ ئەوان. پارتی بۆخۆی پێشبینی خوار 40 كورسی دەكات، بەڵام بە پێی ئەو راپرسی و پێشبینیانەی هەن، پارتی جگە لە لەدەستدانی 11 كۆتاكە، 10 كورسی دیكەش لەدەستدەدات، واتە كورسیەكانی پارتی لەنێوان 33 بۆ 35 كورسی دەبێت. یەكێتیش لە كۆڕوكۆبونەوەكانی ناوخۆیدا باس لە سەروو 20 كورسی دەكات، هەندێجاریش باسی كاریگەری و هاوكاریی دەرودراوسێ‌ دەكەن، بەڵام بە پێی ئەو راپرسیانەی ئێستا هەن، زەحمەتە بیگەیننە 20 كورسی.


بۆ حزب و لایەنەكانی دیكە بەرچاو روونیەكی ئەوتۆ نییە، چونكە هەندێكیان یەكەمجارە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن و ئەوانەی دەنگیشیان پێدەدەن بێگومان بەشێكیان هەوادار و دەنگدەری خۆیانن، بەڵام بەشێكیش لەوانەی دەنگیان پێدەدەن لە رقی خراپی حوكمڕانیی پارتی و یەكێتییە و دەیانەوێ‌ تۆڵە لەحوكمڕانانی ئێستای هەرێم بكەنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار