بەڵی بڕیاری دەستبەسەراگرتنی دەزگای چاودێر بڕیارە تەندروستەکەیە و پێویستە فراوان بکرێت

یەک هەفتە لەمەوپێش



ئەحمەد ئەمین

یەکێک لە میکانیزمەکانی رووبەرووبوونەوەی تاڵانکاریی، دەستبەسەراگرتنی ئەو دامەزراوانەیە کە لە خزمەت دەسەڵاتە تاڵانکارەکاندان. بە پێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی جەزیرە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرانیادا، باس لە دەستبەسەراگرتنی چەندان دامەزراوەی ئۆلیگاریشی پوتین ئەکات لە بەریتانیادا،  کە بە نزیکەیی بە ٢٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت. ئەم دەست بەسەراگرتنانە لە رێی دادگاوە نەبوون بەڵکو بەپێی بڕیاری وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بوو. دیارترینیان یانەی چێڵسی بوو کە ئیبراهیمۆفیچی روسیایی خاوەندارێتی ئەکرد. ئایا ئەبێت ئەم بڕیارە بە دژە وەرزش لێکبدرێتەوە؟ وەک ئەوەی هەندێک کۆلکە نووسەر و بەناو رۆشنبیر داخستنی دەزگای چاودێر بە دژە ئازادی لێکدەدەنەوە. وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا پاساوی بۆ بڕیارەکەی هێناوەتەوە و ڕایگەیاندووە کە خاوەنی ئەم دامەزراوانە لە قۆڵە درێژ و گرنگەکانی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی ڕووسیان، یان سەر بە بازنەی سەرۆکن و خزمەت بە سیاسەتەکانی پۆتین ئەکەن. لە سەرچاوە خۆرئاواییەکانیشدا دەسەڵات لە روسیادا بەتاڵانکار پۆلێنکراوە.

بەپێی چەندان سەرچاوەی ناوخۆیی و نیودەوڵەتیییش، دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا تاڵانکارییە، بەرپرسی یەکەمی تاڵانکارییەکانیش پارتی و بنەماڵەی بارزانیین، ئنجا یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی و ئەو تۆڕە بەرژەوەندییانەی پێیانەوە گرێدراون. بۆیە ناکرێت لە سلێمانی و لە موڵکی یەکێتیدا و بە پارەی یەکێتی لە خزمەت پارتی و بنەماڵەی بارزانیدا بیت. لای کەسیش شاراوە نییە کە ساڵانێکە مەلا بەختیار تەنها بە جەستەیی و بە فەرمیی یەکێتییە، ئەگەر نا، بە رۆح و  رەفتار، خزمەت بە سیاسەتیی پارتی ئەکات. بۆیە بڕیاری دەسبەسەراگرتنی چاودێر و دەست و پێوەندەکانی، بڕیارە تەندروستەکەیە، ئەگەر بە بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بەراوردی بکەین.

ئەمریکا و ئەوروپا، بەو هەموو توانا ئابووری و هەواڵگرییەوە، تاڵانکاریی وەک مەترسیی بۆ ئاسایشی نیشتمانیان وێنا ئەکەن. بۆ هەرێمێکی لاوازی وەک ئێمە، مەترسییەکە نیشتمانی و نەتەوەییشە. شەهیدکردنی رۆژانەی کوردانی پارچەکانی تری کوردستان لە هەرێمدا، بە درۆنی دوژمنانی کورد و بە چاوساغی خۆمان، باشترین بەڵگەی مەترسییە نیشتمانی نەتەوەییەکەیە. بۆیە راستە بڕیارەکەی یەکێتی لەسەر بنەمایەکی بەرژەوەندیی حیزبیی دراوە بەڵام ئەوە بڕیارە تەندروستەکەیە و ئەبێت ئەم دەرفەتە بقۆزرێتەوە و فراوان بکرێت بۆ ئاستێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی.  بەڵام ئەستەمە یەکێتی بە تەنیا و بەم پێکهاتەیەی ئێستاوە بتوانێت رووبەرووی تاڵانکارییەکانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی ببێتەوە. بۆیە ئەگەر دەستپێشخەریی بۆ لایەنە سیاسییەکانی تری دەرەوەی پارتی بکات و وەک نیاز پاکییەک بەشێک لەو سامانەی لەگەڵ پارتی تاڵانی کردووە بیگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان، ئەوا لەوانەیە لایەنە سیاسییەکانی تر متمانە بکەن و هاوکاری بکەن.

ئەگەر یەکێتی ئەم دەستپێشخەرییەی نەکرد، ئەوا ئەرکی لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتییە، هەروەها چین و توێژە ناڕازییەکان، رووبەرووی یەکێتی و پارتی ببنەوە، لە رێی هەڵبژاردنەوە بێت یان خۆپیشاندانێکی جەماوەریی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار