هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی هەشت و نۆ بەپێی داواکاری عێراق دەنێرێت

6 ڕۆژ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەسەر داوای تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە هەفتەی داهاتوو، لیستی نوێی راستکراوەی مووچەی مووچەخۆران و ژمارەی وەزیفيیان بۆ وەزارەتی دارایي عێراق بنێرێت.

بەوتەی سەرچاوەیە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان "بە ناردنی لیستی نوێی راستکراوەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەی وەزیفییان، وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی هەردوو مانگی ٨ و ٩ پێکەوە دەنێرێت".

بەوتەی سەرچاوەکە "ناردنی ئەو لیستە راستکراوەیە بە ژمارە وەزیفییەکانەوە؛ کێشەکان چارەسەر دەکات و وادەکات ئاستەنگەکانی رابردووی بەردەم ناردنی مووچە دووبارە نەبنەوە".

لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا، "وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکان بە تایبەتیش بەردەوامبوون لەسەر تەواوکردنی رێکارەکانی هێنانەکایەی ژمارەی وەزیفی بۆ ئەو مووچەخۆرانەی تا ئێستا تۆمارنەکراون و رەچاوکردنی تێبینی و سەرنجەکانی دیکە، بە جۆرێک لە نزیکترین دەرفەت لە هەفتەی داهاتوودا، لیستی نوێی راستکراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەی وەزیفيیان رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت".  سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی وای وت.

رۆژانی ٨-٩ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو:"ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری بڕیاری دا بە پێشکەشکردنی راسپاردەیەک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ ئاڕاستەکردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردن و ناردنی مووچە راگیراوەکانی هەرێم [ـی کوردستان]، ئەوانەی بەهۆی تەواونەکردنی بایۆمەتری دوورخرابوونەوە".

ئەمڕۆ ١٢ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤، تاوەکو ئێستا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئابیان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا هەفتەی رابردوو و دوای زیاتر لە ٥٥ رۆژ مووچەی مانگەی تەموزیان وەرگرت.

مانگی رابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق لەبری مووچەی مانگی ٧، مووچەی مانگی ٨ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرجکرد، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ٧ پێ دابەشکرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار