دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن: بە هەموو شێوەیەكیش مۆبایل بردنەژورەوە و وێنەگرتن قەدەغەیە

2 ڕۆژ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق بڵاوی كردەوە، بڕیاردراوە لە ڕۆژی دەنگداندا جگە لە هەژماركردن دەنگەكان بەشێوەی ئەلیكترۆنی، دەبێت سندووقەكان لەبەردەم نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكانیش بكرێنەوە و بەشێوەی دەستی دەنگەكان جیا بكرێنەوە، بە هەموو شێوەیەكیش مۆبایل بردنەژورەوە و وێنەگرتن قەدەغەیە.

میدیاكان نووسراوێكی فەرمیان كە واژۆی دادوەر حسێن فوئاد، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری عێراقی لەسەرە، سەبارەت بە بڕیارێكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردووەتەوە.

بەپێی نووسراوەكە، حسێن فوئاد، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی عێراقی بڕیاریداوە بەوەی، تەواوی سندووقەكانی دەنگدان لەناو بنكەی دەنگدان و لەبەرچاوی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان جگە لە ژماردنی ئەلیكترۆنی، ژماردنی دەستیشی بۆ بكرێتەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، هیچ سندووقێك لەناو ویستگەكانی دەنگدان ناگوازرێتەوە هەتا ژماردنی دەستی بۆ نەكرێت، هەروەها مۆبایل بردنەژورەوە و وێنەگرتنی دەنگدان لە ناوەندەكانی دەنگدان بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە و نابێت مۆبایل ببرێتە ناوەندەكانەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ڕۆژی دەنگدانی تایبەتیشدا دەبیت پاش تەواوبوونی دەنگدان، تەواوی سندووقەكان بكرێنەوە و دەنگەكان لە بەردەم نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان ژماردنی دەستی بۆ بكرێت.

جێگەی ئاماژەیە، بڕیارە ٢٠ـی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوەبچێت، هەروەها بڕیارە لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ـی ئەم مانگە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێ بكات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار