پێشمەرگە، سەرباز، ئەمریکا

24 كاتژمێر لەمەوپێش



د. سەردار عەزیز

هاوڵاتی 

عێراق و ئەمریکا گەشتونەتە ئەو ڕێکەوتنەی کە لە دوو ساڵی داهاتوودا سوپای ئەمریکی لە عێراق بکشێتەوە. بەڵام ئەمریکا پلانی وەهایە کە بەشێک لەو سوپایە لە کوردستان بمێنێتەوە، بە مەبەستی پاراستنی کوردستان لە هێرشی میلیشیاکان، وەک ئەمریکییەکان دەڵێن. بەڵام لە هەمانکاتدا بۆ دابینکردنی دەروازیەکە بۆ گەیشتن بە ڕۆژاڤا لە سوریا، هەرچەندە ئەمریکییەکان ناتوانن ئەمە بڵێن.

لە کرۆکی پەیوەندی نێوان ئەمریکا و کورددا، فیگەری پێشمەرگە و سەرباز و سوپا بونی هەیە. کەس لە ئەم پرسە بەباشی تێنەگەشتوە. پێشمەرگە فیگەرێکی مۆدێرن نیە. کەسایەتییەکە لە دۆخێکی نادەوڵەتیی و ناسیستەمی و نادیموکراسیدا شەڕ دەکات یان شەڕی کردوە.

لە مێژوی نوێیدا، پێشمەرگە، هەمیشە پێویستی بە پشتیوانی دەرەکی هەبووە هەتا بتوانێت بجەنگێت. سودبینین لە پشتیوانی دەرەکی لای کورد وەها لێکدراوەتەوە تەنها بریتیە لە چەک و تەقەمەنیی و هاوکاری دارایی. سەرباری گەمەی جیوپۆلەتیکی گەورە، کە هەرگیز هەموو ڕەهەندەکانی بۆ کورد ئاشکرا نەبوە. بەڵام کاتێک لە ٢٠١٦ مەسعود بەرزانی داوا لە بەریتانییەکان دەکات هەتا هاوکارییان بکەن لە چاکسازیی پێشمەرگەدا، پەیوەندییەکە دەچێتە قۆناغێکی نوێوە.

چاکسازی هەر لە سەرەتاوە دیاربوو کە دەرئەنجامێکی ئەوتۆی نابێت. چونکە سیاسەت و کەلتور و دونیابینی کورد بەرامبەر چیەتی هێز و سوپا و دەزگا و حکومەت فەرامۆش کرابوو. چاکسازییەکە جۆرێک بوو لە گەڕانەوە بۆ ئەدەبیاتی مۆدێرنەکردن،  بەو مانایە کە ئەگەر بێتوو بتوانین دەزگا بونیادبنێین ئەوا کەسەکان لە میانەی پیادەکردن و دوبارەکردنەوەدا فێری بەڕێوەبردنی دەبن. بۆیە جەخت لە سەر دروستکردنی وەزارەتێک و سیستەمێک کرایەوە. هەروەها ئامانجی فەرامۆشکردنی ڕەهەندی سیاسی ئەوەبوو کە پەیامی ئەوە بنێردرێت کە کەس چاکسازییەکە وەک ترسێک بۆ سەرخۆیی نەبینێت.

لە کرۆکی پرسی چاکسازییەکەدا نهێنییەک هەیە کە دەبێت هەموان درکی پێبکەن بەڵام هەموان خۆیانی لێ دەدزنەوە. نهێنییەکە ئەوەیە کە هاوپەیمانان بۆیە چاکسازی دەکەن هەتا پێشمەرگە بگۆڕن بۆ سەرباز و لە سایەی ئەفسەری پیشەیی و لە هەناو سیستەمێکی مۆدێرندا بەڕێوەبچێت هەتا بتوانن کاریان لە گەڵدا بکەن، بە تایبەتی لە سەردەمێکدا کە چەک و تەقەمەنی هەموو دەبێتە تەکنەلۆجیای باڵا و خێرایی و پانتایی کراوە، دەبنە خەسڵەتی شەڕی نوێ. گەر تەماشای مێژوی پێشمەرگە بکەین دەبینین پەیوەندی لە گەڵ دەرەوەدا هەمیشە لە سەر بنەمای ئەنجامدانی کارێک و هاوکاریی بوە، نەک لە سەر بنەمای هاوپەیمانیی و کارکردن و پشتبەستن بەیەکتر و پێکەوە کارکردن. کورد نایەوێت بزانێت کە بۆ ئەوەی هاوتای سیستەمی سەربازی نوێ بێت، دەبێت دەستبەرداری سیستەمی کۆنی پێشمەرگە ببێت.

ئەم وەرچەرخانە بۆ ئەوەی فەراهەم بێت دەبێت زۆر شتی نوێ بێتە ئاراوە، کە لە کرۆکیدا پرۆسەی جیاکاریی هەیە. جیاکردنەوەی پانتاییەکان کرۆکی مۆدێرنەیە. بۆ نمونە لە سیستەمی حوکمڕانی مۆدێرندا دەسەڵاتەکان، دەسەڵاتی یاسادانان، دەسەڵاتی جێبەجێکردن، دەسەڵاتی دادوەریی هەمویان جیاکراوەن لە یەکتر. لە هەمانکاتدا دین و دەوڵەت لە یەکتر جوداکراونەتەوە. کە دێتە بواری ڕێکخستنی هێز دەبێت بواری مەدەنی و سەربازیش لە یەکتر جودا بکرێتەوە.

ئەم جوداکردنەوەیە بە مەبەستی ئەوە نیە کە بە تەواوی لە یەکتر داببڕێن، بەڵکو بۆ ئەوەی وەک دوو یەکەی جیاواز لە پەیوەندی تایبەتیی خۆیاندا بن. لە ئەدەبیاتی سەربازیدا ئەو بۆشاییەی کە لە نێوان بواری مەدەنی و سەربازیدا هەیە پێی دەڵێن گاپ، یان نێوەند.

بیرمەندانی ئەم بوارە بە گشتی چوار جۆر لە نێوەند پۆلێن دەکەن کە کەلتوریی و دیموگرافیی و پۆلەسیی و دەزگاییە. بەڵام پێش قسەکردن لە سەر جۆری نێوەندەکانی جوداکردنەوە و جودابونەوە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە بواری مەدەنی و سەربازیی بونیادبنرێن و لە یەکتر داببڕێن و پاشان وەک دوو یەکەی جیاواز پێکەوە گرێبدرێنەوە.

بونیادنانی سوپا بنەمای سەقامگیریی درێژخایەن و پەیوەندی پتەوی دەرەکیی و گەشەی سیاسەت و بواری مەدەنیەت دەدات. سوپا کرۆکی حوکمداری و دەوڵەتی هاوچەرخە. هەرچەندە ئەم پرسە تەنها پرسی کورد نیە، چونکە لە هەموو ناوچەکەدا هیچ وڵاتێک نیە لە نێوان سوپای سەردەم و بواری مەدەنی و سەربازییاندا جودایی هەبێت. لە عێراقدا دروستکردنی حەشد و گەشە و بەهێزبونی خێرای کۆتایی بە ئەو هیوایە دەهێنێت کە ڕۆژێک سوپایەک هەبێت بتوانێت ڕێگریی لە هەموو هێزەکانی تری ناو کۆمەڵگا بکات و لە ئەنجامدا ئاشتی بێتە ئاراوە. لە سەروی هەموشیەوە ئەم سوپایە لە لایەن مەدەنییەوە بەڕێوەببرێت و لە ژێر حوکمی یاسادا هەڵسوکەوت بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار