لە بەیاننامەیەکدا مامۆستایانی گرێبەست ئەو کەسانەیان لە نوێنەرایەتی خۆیان دەرکرد کە گوڵیان پێشکەشی دەسەڵاتداران کرد

12 كاتژمێر لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ هەینی 20ی ئەیلوولی 2024، مامۆستایانی گرێبەستی سەرجەم شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، چیتر ئەو کەسانە نوێنەری ئێمە نین و بۆیان نییە بەناوی ئێمەوە خەریکی بە شانوباڵهەدان و پێشکەشکردنی گوڵ بن بەو دەسەڵاتدارانەی، کە جگەلە هاڕینی شکۆ و ئێسکەکانمان و چەرمەسەری بۆ ئێمە و گەلە ستەمدیدەکەمان، هیچ شتێکی جوانیان نەبووە پێشکەشمان بکەن.

دەقی بەیاننامەکەی مامۆستایانی گرێبەستی سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان:


بەیاننامەی مامۆستایانی گرێبەستی سەرجەم شارو شارۆچکەکان

ڕوونکردنەوەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەستی پەروەردەکان

ــ بۆ ڕای گشتیی
ــ مامۆستایانی میلاک و گرێبەست
ــ فەرمانبەران و مافخوراوانی دەستی ستەم
ــ دەزگا میدیاییەکان و سایت و پەیجەکان

لەپاش چەندین ساڵ لە خەباتکردنمان؛ بە سەرما و گەرما، بۆ داواکردنی مافە سەرەتاییەکانمان کە سادەترینیان خۆی لە دامەزراندن بە شێوەی هەمیشەیی دەبینییەوە؛ دەسەڵاتی بێباک و لووتبەرز و داماڵراو لە بەهاکانی حوکمڕانیی و دەوڵەتداریی؛ هیچ وەڵامێکی ئەرێنی نەداینەوە، هەرجارە و بە فێڵ و بەڵێنێکی ناڕاست و لە بەرامبەریشدا بە هەڕەشەی دەرکردنمان لە وانەبێژی و چاوسوورکردنەوە کۆتاییان بە خەباتە مەدەنییەکەمان دەهێنا.

پاش دووساڵ لە بەسەرچوونی ماوەی یاسایی ئەم حکومەتە و لە سەروەختی نزیکبوونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن؛ دەسەڵات لە ڕێی چەند کەسێکەوە (کە خۆیان وەک نوێنەر و دەمڕاستی وانەبێژان لەقەڵەمداوە) فەرمانی بەگرێبەستبوونمانی وەک مژدەیەکی گەورە پێ ڕاگەیاندووین.

ئێمە وەک نوێنەرانی ڕاستەقینەی پەروەردەکان، سەرباری دەربڕینی نیگەرانی خۆمان بەرامبەر دەسەڵاتێک، کە مافی هەمیشەییبوونیان لێ زەوتکردووین و دەیانەوێت بە گرێبەستبوونێک (کە جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ وانەبێژیدا لە ڕووی ئیمتیازات و مووچەوە) سوپاسیان بکەین؛ هاوکات بە گومانەوە لەو جوڵە و لێدوانە قەبەکەرانەی چەند کەسێک دەڕوانین، کە شەو و ڕۆژیان داوەتە دەم یەک بۆ ماکیاجکردنی ڕووی دزێوی دەسەڵاتێکی تاڵانکاری بێهەست و ستەمکار.

بەڕێزان...
ئێمە پێمانوایە ڕابەرایەتی و نوێنەرایەتیکردنی هەر چینوتوێژێک؛ پێویستی بە کەسانی قوربانیدەر و هۆشیار و چاوکراوە و دلێرە؛ بەجۆرێک بەر لە شەڕی ماددە، شەڕی ئیرادە و شکۆ بۆ خۆی و هاوڕێکانی بکات. هەر بۆیە پێمان شەرم و نەنگییە چەند کەسێک بە نوێنەری خۆمان بزانین، کە بیریان چووبێتەوە یان لەبیری خۆیان بردووەتەوە! کە دەسەڵات سەبەتەیەک خورمای لێبردووین و شەکرێکی لە مێرووبەجێماوی بە منەت و چاوشۆڕکردن پێداوین.

بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین؛ لەدوای ئەم ڕوونکردنەوەیەوە، چیتر ئەو کەسانە نوێنەری ئێمە نین و بۆیان نییە بەناوی ئێمەوە خەریکی بە شانوباڵهەدان و پێشکەشکردنی گوڵ بن بەو دەسەڵاتدارانەی، کە جگەلە هاڕینی شکۆ و ئێسکەکانمان و چەرمەسەری بۆ ئێمە و گەلە ستەمدیدەکەمان، هیچ شتێکی جوانیان نەبووە پێشکەشمان بکەن.

بە دەسەڵاتیش دەڵێین: خەیاڵتان خاوە، بە فەرمانی گرێبەستکردنمان، بتانەوێ درز بخەنە نێوان ئێمە و مامۆستایانی بەهەڵوێستی هەمیشەییەوە؛ کردنەوەی دەوام بەندە بە پێدانی مووچەی مانگەکانی (٦٫٧٫٨٫٩) و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی مامۆستایانی هەمیشەیی.

نوێنەرانی پەروەردەکانی
١- شارەزوور
٢-هەڵەبجەی شەهید
٣- کەلار
٤- پێنجوێن
٥- سەیدسادق
٦- بەردەڕەش
 ٧ - سۆران
٨- کفری
٩- پشدەر
١٠- دوکان
١١- کۆیە
١٢- ڕۆژهەڵات
١٣- ڕۆژئاوا
١٤- چەمچەماڵ
١٥- خەبات
١٦- کەرکووک
۱۷‌ـ قەرەداغ

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار