هەرێم بڕی ٩١ ملیار دیناری دیکەی بۆ بەغدا نارد
2 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زیاتر لە 91 ملیار دیناری دیکەی پشکی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢-٩-٢٠٢٤ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ."
بەگوێرەی راگەیێنداراوەکە، بڕی پارەکە ٩١ ملیار و ١٥١ ملیۆن و ٧٨٤ هەزار دینارە بۆ مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٤؛ پارەکەش خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
رۆژی ١ـی ئابی ٢٠٢٤ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زیاتر لە ٧٤ ملیار دیناری وەکو پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٤، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی و ئابووری خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
هەروەها رۆژی ٣٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤ زیاتر لە ٧٠ ملیار دیناری بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاداری ٢٠٢٤ خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
هەروەها ئەمڕۆ ٢٢ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤ـە، تاوەکو ئێستا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئابییان وەرنەگرتووە، هەر ئەمڕۆ حکومەتی عێراق بڕیاریدا زیاتر لە ٥٧٢ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەرخان بکات.