نێچیرڤان بارزانی بەمەبەستی پاراستنی ئارامی راستەوخۆ سەرپەرشتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات

3 كاتژمێر لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسانی دیکەی پارێزگاکە کۆبووەوە و جەختی لە بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە هەولێر لە هەموو بوارەکان کردەوە.

به‌يانيى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ ٢٢-٩-٢٠٢٤ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر له‌گه‌ڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگار و به‌رپرسانى يه‌كه‌ كارگێڕييه‌كانی ناوەند و سنوورى پارێزگاكه‌دا، كۆبووه‌وه‌.

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دۆخ و ئاستى خزمه‌تگوزارييه‌كان، پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بنياتنان، به‌رنامه‌ى گه‌شه‌پێدان و چۆنێتيى به‌ڕێوه‌چوونى كار و پرۆژه‌كان له‌ پارێزگاى هه‌ولێر و قه‌زا و ناحيه‌كانى، تاوتوێ كران، هه‌روه‌ها تيشك خرايه‌ سه‌ر گرنگيى دابينكردنى پێداويستييه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى گرفت و كه‌موكوڕيه‌كان. 

هەروەها له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ ئاماده‌كارييه‌كانى پارێزگاى هه‌ولێر بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن كراوە.

هەروەها نێچيرڤان بارزانى داكۆكیى له ‌گرنگيى سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردن و به‌ڕێوه‌چوونى شارستانييانه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن كرده‌وه‌، ئاماژه‌ى به‌ رۆڵى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانیش كرد‌.

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمە یەکەم سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان نییە و رۆژی شەممە ١٤-٩-٢٠٢٤، وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەردانێک گەیشتە دهۆک و بەشداری کرد لە بینینی شانۆگەریی 'داستانی کوردستان'

ماوەی چەند ڕۆژێکە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کورستان، دەستی کردووە بە سەردان و بەسەرکردنەوەی فەرمانگەکانی سەر بە هەرێمی کوردستان، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی کرد و لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و به‌رپرسانی فەرمانگە و یەکە کارگێڕییەکانی ئیدارەکە كۆبووه‌وه و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رپه‌رشتيار و به‌رپرسانى ئيداره‌ى زاخۆ، پوخته‌يه‌كيان ده‌رباره‌ى كار و پرۆژه‌ و چالاكييه‌كانيان و ڕەوشی کارگێڕی و خزمەتگوزارییەکان له‌ناو شارى زاخۆ و سنوورى ئيداره‌كه‌ بەگشتی خسته‌ڕوو، هه‌روەها باسيان له‌ پلانى كار و پرۆژه‌كانى داهاتوويان كرد.

جێگەی ئاماژەیە، سەبارەت به‌ هەڵبژاردنی په‌رله‌مانى كوردستانيش کە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، بەڕێز سەرۆکی هەرێمى كوردستان، هیوای خواست پرۆسەکە سەرکەوتووانە بەڕێوەبچێت و جەختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هەموو لایەک پابەندی ڕێنماییيه‌ یاساییيەکان و هێمن ڕاگرتنی بانگەشەی هەڵبژاردن بن.

ئەوەش لە کاتێکدایە تائێستا دیارنییە، ئەم سەردانیکردنەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ فەرمانگە حکومییەکان و سەردانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەکات یاخود تەنها سەردانییەکانی تەنها لە سنووری پارێزگای هەرلێر و دهۆکدا سەردانییەکانی دیاریکراو دەبێت.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار