وەزارەتی شارەوانی و گەشتووگوزاری هەرێم نۆ ڕێنمایی بڵاوکردەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ دووشەممە، 23ی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی شارەوانی و گەشتووگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان نۆ ڕێنمای تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی حکومەتی هەرێم بڵاوکردەوە، دەشڵێت، ئەگەر هەر بەربژێرێک پابەند نەبێت بە ڕێنماییەكان، ئەوە پۆستەر و بانگەشەكەی لەلایەن تیمەكانی شارەوانی لادەبرێت و كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ڕێگەنادرێت وێنە و پۆستەری حیزب و بەربژێرانی لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار و ستوون و بەربەستە گشتییەكان بە بزمار و لەزگە و سیكۆتین هەڵبواسرێن.

لە ڕاگەندراوەکەشدا هاتووە، ڕێگەنادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی و دورگەی ناوەندی و ناو پاركە گشتییەكان بە هەر جۆرە كەرەستەیەك، هەروەها ڕێگە نادرێت بە بەكارهێنانی قوم، لم، چیمەنتۆ و بلۆك بۆ ڕاگرتنی تابلۆ و كەرەستەكانی تری بانگەشە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، رێگەنادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان لەسەر هێمای هاتوچۆ و تابلۆ ڕێنیشاندەرەكان یاخود هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەكانی ئۆتۆمبێل كە ببێتە هۆی دروستبوونی ڕووداوی هاتوچۆ.

لە بەشێکی تری ڕاگەندراوەکەشدا هاتووە، ڕێگەنادرێت شوێنەوار و شوێنە كولتوورییەكان بۆ هیچ جۆرە بانگەشەیەك و هەڵواسینێك بە هیچ جۆرە ماددەیەك بەكاربهێنرێت، جگەلەوەش ڕێگەنادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەری بەربژێرانی حیزب و لایەنەسیاسییەكان لەسەر دیوار و شوورای فەرمانگەكانی حكومەت و شوێنە گشتییەكان وەک، مزگەوت، نەخۆشخانە، زانكۆ، خوێندنگە.

باسلەوەشکراوە، لە دوای تەواوبوونی بانگەشە، هەر بەربژێرێك بەرپرسیارە لە لێكردنەوەی وێنە و تابلۆكان و پاككردنەوەی شوێنەكە، ئەگەر بەربژێرێکیش پابەند نەبێت بە ڕێنماییەكان، ئەوە پۆستەر و بانگەشەكەی لەلایەن تیمەكانی شارەوانی لادەبرێت و كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار