هەڵبژاردن گرنگە بەڵام ...!

یەک مانگ لەمەوپێش



جوتیار ڕەشید

هەرکەس بیەوێ لە ئێستا بگا و پلان بۆ داهاتوو دابنێ، دەبێ ئاوڕێک لە ڕابوردوو بداتەوە.

ڕاپەڕینی کورد لە باشوری کوردستان ساڵی 1991 بۆ ڕویدا؟ بۆچی کۆڕەوی ملیۆنی بەدواداهات؟

مەبەست لە ناوچەی دژەفڕینی سەروی هێڵی 36، چی بوو؟

شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ؟ لە کاتێکدا کۆی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەردوو حیزب لەژێر پارێزبەندی هاوپەیماناندا بوو، هێنانەوەی سوپای سەدام بۆ داگیرکردنی هەولێر بۆ؟!

سەدام و ڕژێمەکەی بۆ ڕوخێنران؟

بە فەرمی ناساندنی هەرێمی کوردستان  لە دەستوری هەمیشەیی عێراقدا و تەرخانکردنی 17٪ ی بودجەی عێراق بۆ هەرێم بۆچی بوو؟

دەسەڵاتی هەرێم چی کرد بۆ جێبەجێکردنی ستراتیجەکەی ئەمریکا لە عێراق کە هەرێمێکی بەهێز بوو لە عێراقێکی بەهێزدا؟

ئابوریی سەربەخۆ، دروشمە هەڵخەڵەتێنەرەکەی دەسەڵاتدارانی هەرێم و هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوتی هەرێم و گرێبەستە نهێنیە پەنجا ساڵییەکەیان لەگەڵ تورکیا چی بوو؟

داعش و ئاڕاستە گۆڕینی هێرشەکانی داعش و کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان، دواتر ئاراستەکردنیان بەرەو هەولێر بۆ؟

ڕیفراندۆم و گوێنەگرتن لە نامە مێژووییەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای ئەوسا بۆ؟

فرۆشتنی بۆری نەوتی هەرێم بە کۆمپانیا ڕوسییەکان لە دوای شکستی ڕیفراندۆم بۆچی؟

لەدەستدانی نیوەی خاکی هەرێم لە دوای ڕوداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر وەک دەرەنجامی ڕاستەوخۆی ڕیفراندۆم لەبەر چی؟

کەنارکردنی مەسعود بارزانی چی بوو؟ ئەگەر گۆڕینی شێوازی دەسەڵاتداری هەرێم بوو، بۆ پاشقولی لێگیرا و کابینەی حکومەت رادەستی توندوتیژترین کەسی ئەمنی ناو پارتی کرا؟

سەنگەرگرتنی کابینەکەی مەسرور بارزانی لە دەوڵەتی ناوەندی عێراق و دادگای فیدراڵی، سەرەڕای ئەوەی بەفەرمی ملیاندابوو بە سڕکردن یان هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم، هەتا کار گەیشتە بڕیاربارانکردنی هەرێم بە بڕیارە یەک لەدوایەکەکانی دادگای فیدراڵی هەتا ئەو ڕادەیەی موچەشی لەدەست حکومەتی هەرێم دەرهێنا، هۆکارەکەی چی بوو؟

دواتریش دواخستنی کاتی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بۆ چەندین جار هەتا گەیەندرایە ئەم کاتە هەستیارەی ئێستای ناوچەکە چۆن ڕوویدا؟

کۆی ئەو پرسیارانە و وەڵامەکانیان دەچنە چوارچێوەی کێبڕکێی دوو ستراتیژەوە لەم ناوچەیەدا، ستراتیژێکی جیهانی و دژە ستراتیژێکی هەرێمی، ستراتیژە جیهانیەکە لە دوای ڕاپەڕینەوە بە تایبەتیش لەدوای ڕوخانی سەدام، پلانیان ئەوە بوو دۆزی کورد سەرەتا  لە هەرێمی کوردستان لە دەست ستراتیژە هەرمێیەکە دەربهێنن وەک بەشێک لە پێگەی کورد لە سەدەی بیست و یەک و لە پڕۆژە گەورەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

دەسەڵاتدارانی هەرێمیش دۆزی کورد و هەرێمیان گێڕایەوە باوەشی ستراتیژە هەرێمییەکە، چونکە پێیانوابوو پارێزبەندی خۆیان و دەسەڵاتەکەیان لە ستراتیژە هەرێمییەکەدایە، کۆی ئەو ڕوداوانەش کە لە دوای هەڵبژاردنەوە ڕویانداوە کار و کاردانەوەی نێوان ئەو دوو ستراتیژەبوون لە دەسەڵاتی هەرێمدا ڕەنگیان داوەتەوە.

ئەم نەوەیە لە سیاسی کە زیاتر لە سێ چارەکە سەدەیە دۆزی کوردیان کردووەتە تۆپ و کوردستانیان کردووەتە گۆڕەپانی یاری نێوان داگیرکەرانی کوردستان، دەقیان بەم فۆڕمە لە سیاسەت و دەسەڵاتداریەوە گرتووە، نە لیاقەت، نە بوێری دەرچونیان نیە لە جوغزە هەرێمیەکە، نە پارێزبەندی ئەمریکا و هاوپایمانان نە دەستوری هەمیشەیی عێراق نەیانتوانی ئەوبوێریەیان تێدا بچێنن.

گرنگی و کاریگەری ئەم هەڵبژاردنەی پارلەمانی کوردستان لە کات و ساتی هەڵبژاردنەکە و لەو گۆڕانکاریە هەرێمی و جیهانیەدایە کە سەرەتاکانی بەشەڕ لەم ناوچەیە دەستی پێکردوە، ئەگەر دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن گۆڕانکاری ڕیشەیی لە شێوازی دەسەڵاتداری لە کابینەی داهاتوی هەرێمدا دروست نەکات، ئەم جارەیان خودی قەوارەی هەرێم لەبەردەم مەترسی ڕاستەقینەدایە.

دەبێ دەرەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە هەرێمی کوردستان لە ستراتیژە هەرێمیەکان ڕزگار بکا و بیکاتەوە بە بەشێکی کاریگەر لە ستراتیژی نەتەوەیی، تا هاوتەریب لەگەڵ ستراتیژە جیهانیەکەدا لە ئاست ئەو گۆڕانکاریانەدا بێت کە لە ناوچەکە دێنە ئاراوە.

ئەوەش لەیەک کاتدا ئەرکی خەڵک و ئەرکی کۆی ئەو حیزب و بزوتنەوە و گروپە سیاسیانەیە کە لیاقەت و بوێری بەرپرسیاریەتی ئەم هەنگاوەیان تێدایە.

پێویستە خەڵک بایکۆتی دەنگدان بشکێنن و بەشداری کارا لەم هەڵبژاردنەدا بکەن، لایەنەکانیش لە پەرلەمان بەرەیەکی چاکسازی تۆکمە بۆ پارلەمان و کابینەی داهاتوی هەرێم دروست بکەن کە زامنی ئەو گۆڕانکاریە ڕیشەییە بێت.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار