كردنەوەی دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم
19 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوڵاتی
- كۆمسیۆن دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم كردەوە
- تەنها بۆ ماوەی سێ رۆژ دەرگای تانەدان كراوە دەبێت
- نووسینگەكانی كۆمسیۆن لە كوردستان و بەغدا تانەی لایەنەكان وەردەگرن
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەرگای تانەدان لە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی كردەوە.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ئەمڕۆ دەرگای تانەدان لە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی كرایەوە و تاكو یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو ٣ـی تشرینی دووەم، هەر لیست و كاندیدێك كە بە ئەنجامەكان ڕازی نییە، دەتوانێت لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژدا تانە لە ئەنجامەكان بدات.
رونیشیكردەوە، تانەی لایەنەكان لە نووسینگەكانی كۆمسیۆن لە هەرێمی كوردستان و نووسینگەی بەغداش وەردەگرێت.
لە ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە ڕێوەچوو، تێیدا هەزار و ١٩١ کاندیدی سەربەخۆ و لایەنە سیاسییەکان کێبڕکێی بەدەستهێنانی ١٠٠ کورسی پەرلەمانیان کرد، دوێنێش ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە وناوی كاندیدە سەركەوتووەكانی ڕاگەیاند.
لەلایان خۆیەوە فێنك ئەحمەد سەرپەرشتیاری دامەزراوەی هەڵبژاردنی بەرەی گەل رایگەیاند ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان رەتدەكەنەوە و سكاڵا تۆمار دەكەن.
سەرپەرشتیاری دامەزراوەی هەڵبژاردنی بەرەی گەل دوێنێ لە لێدوانێكدا رایگەیاند ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەنگی دەنگدەرانی بەرەی گەل نيه و لەسەر پێشێلكاریەكان و ئەنجامی هەڵبژاردن سكاڵا تۆمار دەكەن.