چی دەزانیت لەبارەی جەژنی هالۆوینەوە؟
ئایا هەرگیز بەشداری ئەم بۆنەیەت کردووە؟
9 كاتژمێر لەمەوپێش
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
هاڵۆوین بۆنەیەکە لە ٣١ی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێکدا یادی دەکرێتەوە و ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرێت. ئەم بۆنەیە ڕیشەیەکی مێژوویی دوورودرێژی هەیە، کە بە نزیکەیی بۆ دوو هەزار ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە. دەکرێت سەرچاوەی ئەم جەژنە پەیوەندی بە ڤیستیڤاڵی سێلتیکی کۆنی سامهاینەوە هەبیت کە ڕێکەوتی کۆتایی وەرزی دروێنە و سەرەتای دەستپێکردنی وەرزی زستان دەکات.
کێلتەکان باوەڕیان وابووە کە لە شەوی سامهایندا سنووری نێوان مردووەکان و زیندوەکان لە یەکتری نزیک دەبنەوە، لەو شەوەدا ڕێگە بە ڕۆحەکان دەدرێت بە ئازادی بسوڕێنەوە. خەڵکیش بۆ ڕێزلینان لەم ڕۆحانە ئاگر دادەگیرسێنن و قوربانی پێشکەش دەکەن.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئاینی مەسیحییەتدا کڵێسا هەوڵیدا نەریتی بتپەرستی بگۆڕێت بۆ بەجێهێنانی ڕێوڕەسمی دینی مەسیحی، بۆیە پاپا گریگۆری سێهەم ١ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی سەرجەم پیرۆزییەکان دەستنیشان کرد بۆ ڕێزلێنان لە پیرۆزییەکان و شەهیدان. ئێوارەی پێشتری ١ی تشرینی دووەم کە دەکاتە ٣١ی مانگ و بە ڕۆژی پیرۆزییەکان ناسراوە لە کۆتاییدا گۆڕا بۆ جەژنی هاڵۆوین.
بە تێپەڕبوونی کات هاڵۆوین بووبە پشوویەکی ساڵانەی کۆمەڵایەتی، لەو پشوەدا خەڵکی پۆشاکی هەمەڕەنگ و ترسناک دەپۆشن چونکە لەو بڕوایەدان خۆگۆڕین لە ڕۆحە خراپەکان دەیانپارێزێت.
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هاڵۆوین لەکۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم ناوبانگی پەیدا کرد،بەڵام ئێرلەندییەکان دابونەریتی خۆیان تێکەڵاو کرد. لەمڕۆدا هاڵۆوین گۆڕاوە بۆ جەژنێک کە بە ڕازاندنەوەی وردەکارانە بە بابەتی ترسناک بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و پڕ سەرکێشی و مەترسی دەناسرێتەوە.
ئەمریکییەکان ساڵانە نزیکەی ١٠ ملیار دۆلار لە جەژنی هاڵۆویندا خەرج دەکەن، کە دەبێتە دووەم گەورەترین پشووی فەرمی لەدوای کریسمسەوە. شایەنی باسە جەژنی هاڵۆوین تێکەڵەیەکە لە مێژوو و فۆلکلۆر و ڕۆحیی کۆمەڵایەتی بۆیە وەک پشوویەکی بێهاوتا بەردەوامە و ساڵانە یادی دەکرێتەوە.