بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ھەڵەبجە: تا ئێستا ھیچ داواکارییەکمان بۆ ھەناردەکردنی ھەنار بەدەستنەگەیشتووە
یەک مانگ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ھەڵەبجە راِیگەیاند تاوەکو ئێستا ھیچ بازرگانێکی نێوخۆیی داواکاری بۆ ھەناردەکردنی ھەناری ھەڵەبجە پێشکەش نەکردوون، ئاماژە بەوەشدەکات پار لەم کاتانەدا ھەنار ھەناردە دەکرا.
لەوبارەیەوە ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ھەڵەبجە بە کەناڵی ڕووداوی راگەیاندووە "تاوەکو ئەمڕۆ ھیچ داواکارییەکمان لەلایەن بارزگانە نێوخۆییەکانەوە بەدەستنەگەیشتووە کە داوا بکەن ھەناری شارەکەمان بۆ دەرەوەی وڵات ھەناردە بکەن. پار لەم کاتانەدا ھەنار ھەناردە دەکرا."
رۆژی ٣١ـی مانگی رابردوو ڤیستیڤاڵی ساڵانەی ھەنار لە ھەڵەبجە دەستیپێکرد. بەگوێرەی گەشتوگوزاری ھەڵەبجە، رۆژی یەکەمی فێستیڤاڵی ھەنار ٨٠ ھەزار و رۆژی دووەم ١١٠ ھەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ھەڵەبجە وتیشی، "مەزەندە دەکرێت بەرھەمی ھەناری ئەم ساڵی ھەڵەبجە ٢٥ بۆ ٣٠ ھەزار تۆن بێت."
ھاوکات زێدا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاندووە "تاوەکو ئەمڕۆ ھیچ نووسراوێکمان بۆ ھەناردەکردنی ھەناری ھەڵەبجە بۆ دەرەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی ھەڵەبجەوە بەدەستنەگەیشتووە".
زێدا محەممەد دەشڵێت، "ھەناردە کردنی ھەنار بۆ خواروو و نێوەڕاستی عێراق بەردەوامە. سەرەڕای ئەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی ھەڵەبجە دەتوانێت بێ گەڕانەوە بۆ وەزارەت، لەرێگەی دەروازەکانی سنووری خۆیانەوە ھەنار ھەناردە بکەن".
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان، بەرھەمی ساڵانەی ھەناری ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٨٠ ھەزار تۆنە کە نزیکەی ٣٠ ھەزاری لە پارێزگای ھەڵەبجەیە.