داواكەی سیستانی كۆنتڕۆڵكردنی چەكی پێشمەرگەش دەگرێتەوە؟

داواکەی سیستانی، پێشمەرگە دەگرێتەوە؟

7 كاتژمێر لەمەوپێش



ئایا چەكەكانی پێشمەرگە، چەكی دەوڵەتن؟

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

عەلى سیستانى مەرجەعى باڵاى شیعەی عێراق لە کۆبونەوەیەکی لەگەڵ UN نەخشە ڕێگای داهاتوی ئارامی و ئاسایشی داهاتوی عێراقی بەستەوە بە کۆنترۆلکردنی چەک بەدەستی دەوڵەتەوە و بەگژداچونەوەی گەندەڵی و بۆ ئەم ئەرکەش لە بری سیاسیەکان و حیزبەکان داوای لە دەستەبژێری کۆمەڵگە کرد ئەو ئەرکە بگرنە ئەستۆ.

سیستانى لەکاتى پێشوازیکردن لە محەممەد حەسسان نوێنەرى سکرتێرى گشتیى نەتەوەیەکگرتووکان لە عێراق رایگەیاند دەبێت عێراقییەکان، بەتایبەت دەستەبژێرى هۆشیار، پەند لەو ئەزموونانە وەربگرن کە پێیدا تێپەڕبوون و کار بکەن بۆ هێنانەکایەى داهاتوویەکى باشتر بۆ عێراق، کە هەمووان تیایدا بە ئاسایش و سەقامگیرى و گەشەسەندوویی بژین، بەڵام ئەوە نایەتەدى بەبێ دانانى پلانێکى زانستى و کرداری بۆ بەڕێوەبردنى دەوڵەت لەسەر بنەماى دەستپاکى و رێگرى لە دەستوەردانى دەرەکى بە سەرجەم  شێوازەکانى، چەسپاندنى دەسەڵاتى یاسا، سنووردارکردنى چەک لە دەستى دەوڵەت و بنەبڕکردنى گەندەڵى لە سەرجەم ئاستەکان.

دوابەدوای داواكەی سیستانی چوارچێوەی هەماهەنگی پشتگیری خۆی بۆ داواكەی سیستانی راگەیاند، ئەمەش لە كاتێكدایە ناوچەكە بەگرژی و ئاڵۆزیدا تێپەڕدەبێت و جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس زۆر پەرەی سەندووە و پەلی هاوێشتووە بۆ عێراق و گروپە چەكداریەكانی عێراق كە ناسراون بە بەرەی موقاوەمەی عێراق زیاتر لە جارێك لە خاكی عێراقەوە، ئیسرائیل و هێزەكانی ئیسرائیلیان كردووەتە ئامانج  و زەرەروزیانی گیانیان پێگەیاندون و ئیسرائیلیش هۆشداری داوەتە عێراق و رایگەیاندوە كە وەڵامی دەبێت و ئەو گروپانە دەكاتە ئامانج.

هەڵوێستەكەی سیستانی سەبارەت بە کۆنترۆلکردنی چەک بەدەستی دەوڵەتەوە، کاریگەری لەسەر چەکی پێشمەرگەش دەبێت، بەو پێیەی ئەو هێزە هێزی دەوڵەت نیيه و سەر بە دوو حزبن و زیاتر لە جارێكیش سەركردەكانی عێراق، هێزی پێشمەرگەیان بە میلیشیا و بە نایاسایی ناوبردووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەكەن و دەرئەنجام ئەو چەكانەی پێشمەرگەش بە چەكی دەرەوەی دەوڵەت هەژمار دەكرێن.

 

سیناریۆكانی كۆنتڕۆڵكردنی چەك لەلایەن دەوڵەتەوە

لەدوای داواكەی سیستانی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی چەك لەلایەن دەوڵەتەوە و پشتگیریكردنی حكومەتی عێراقی لە داواكەی، بێگومان هەنگاوەكانی داهاتووی حكومەتی عێراق دەبێت كۆنتڕۆڵكردنی ئەو چەكانە بێت، بە تایبەتی چەكی ئەو میلیشیا و گروپانەی لە دەرەوەی یاساوە چەكداركراون و بونەتە هۆی تێوەگلانی عێراق لەو جەنگانەی بەرۆكی ناوچەكەی گرتووە، ئەمەش هەلێكی زێڕینە بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق، تاكو بەو بیانووە كۆنتڕۆڵی چەكەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش بكەن.

ئەگەرچی مەبەستەكەی سیستانی روون و ئاشكرایە و داوای كۆنتڕۆڵكردنی ئەو چەكانە دەكات كە میلیشیاكان بەكاری دەهێنن و بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر عێراق، بەڵام چەكەكانی پێشمەرگەش چەكی دەوڵەت نین و هێزی حزبین، بۆیە ئەگەر حكومەتی عێراق هەر جۆرێك لەو هەنگاوانە بگرێتەبەر بۆ كۆنتڕۆڵكردنى چەك، ئەگەرێكی زۆر هەیە یەكێك لە سیناریۆكان كۆنتڕۆڵكردنی چەكی پێشمەرگە بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار