بڕی 16 دۆلار خەرجدەكرێت بۆ تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک لە نەوتی هەر
کێشەی فرۆشتنی نەوت
2 هەفتە لەمەوپێش
تێچوی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە هەرێمی كوردستان 20 دۆلارە
ئایا كێشەكانی فرۆشتنی نەوت لە نێوان هەرێم و بەغدا بەرەو چارە سەر دەڕوات؟
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیارێکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی سێ ساڵە پەسەند کرد كە تایبەتە بە تێچوی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان.
بەگوێرەی هەموارەكە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکان له بودجەدا بڕی 16 دۆلارى دیاریكردووە بۆ تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک لە نەوتی هەرێم، بەڵام تێچوی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە ئێستادا له هەرێمى كوردستان ٢٠ دۆلارە.
ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ لە کۆبونەوەی ئاسایی خۆیدا پێشنیارێکی بۆ هەموارکردنەوەی مادەی (١٢/دوەم/ج) لە یاسای بودجەی سێ ساڵە ژمارە 13ی ساڵی 2023 پەسەند کرد و بەپێی ئەم هەموارە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی بودجە بڕی 16 دۆلار خەرجدەکات بۆ تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک لە نەوتی هەرێم کە بڕەکەی لە یاسای بودجە بە بڕی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە دیاریکراوە، بەمەرجێک لەلایەن کۆمپانیای (سۆمۆ)ەوە هەناردە بکرێت، یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاریبێنێت پشتبەست بە بڕگە و مادەكانى یاسای بودجە.
هەموارەکە بڕی ئەو 16 دۆلارە بۆ تێچوی بەرمیلێک وەک پێشینە ئەژمار دەکرێت لە سەرەتادا تا ئەوکاتەی لەلایەن دەزگایەکی ڕاوێژکاری تەکنیکی نێودەوڵەتی تایبەتمەندەوە کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ بەرێکەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم دەستنیشان دەکرێت خەمڵاندنێکی دادپەروەرانە لە ماوەی 60 ڕۆژدا لە بەرکاربونی هەمواری یاساکە بۆ تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لە هەر کێڵگەیەکی نەوتی هەرێم بە جیا دەکات.
یەکێک لە خاڵەکانی ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغدا لە ماوەی رابروود زۆری تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم بوو، کە لەیاسای بودجە بە تێکڕا بۆ نەوتی عێراق و هەرێم بە شەش دۆلار بۆ بەرمیلێک دیاریکراوە، جگە لە جیاوازی نیوان گرێبەستە نەوتییەکانی هەردولا، جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان سروشتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و عێراق.
راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کە نزیکەی سالێک و حەوت مانگە بەردەوامە، زیانی دارایی زۆری گەیاندوە بە ئابوری هەرێم و عێراق، بەڵام لە ئێستادا ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ هەنگاوێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی یەکێک لە کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تا ئەوکاتەی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵ پەسەند دەكرێت.
بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، بەپێی وتەی مایڵز کاگینز وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) تێچوی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان ٢٠ دۆلارە و بەرمیلێك نەوت بە ٣٥ دۆلار دەفرۆشرێت.
لە ٢٥ی ئادارای ٢٠٢٣ەوە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری جیهانی توركیاوە بە بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانی پاریس ڕاگیراوە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان تاكو ئێستا هیچ هەڵوێستێك و كاردانەوەیەكی نەبووه بەرامبەر بە بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و دیار نیە كێشە نەوتیەكانی نێوانیان چارە سەر دەبێت یان بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە، یان ئاڵۆزتر دەبێت.
جۆری گرێبەستە نەوتیەكانی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكان بە ناشارەزایی كراوە و شیرینیەكی زۆر لەبەرامبەریدا وەرگیراوە و سەرلەبەری پڕۆسەكانی گەڕان و پشكنین و دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لە دەرەوەی ستاندارە جیهانیەكانەوە بوون، ئەمەش بۆتە هۆی زۆری تێچوی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم.
كاتێك كێشەكان ئەگەنە چارەسەر بە ئاگاداری حكومەتی عێراق گرێبەستە نەوتیەكانی هەرێم نوێبكرێنەوە.