لیژنەیەك لە عێراقەوە دێتە ھەرێم و ھەڵسەنگاندن بۆ کێڵگەكانى نەوت دەکات

2 ڕۆژ لەمەوپێش



هاوڵاتی

فراکسیۆنی پارتی:

- دەبێت بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم رێككەوتن لەگەڵ توكیادا بكرێت.

- بە هۆی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە عێراق ساڵانە 20 ملیار دۆلار  زیانی بەردەکەوێت.

- لیژنەیەکی راوێژکاری دێتە ھەرێمی کوردستان و ھەڵسەنگاندن بۆ ھەر کێڵگەیەکی نەوت دەکات.

 

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لایەنی سێیەم لە دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، توركیایە و پێویستە لەگەڵ ئەوانیش رێککەوتن بکرێت.

ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، پرسێکی زۆر گرنگە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان و لەناو یاسای بودجەشدا بڕگەیەکی تایبەت بە نەوت ھەیە، کە نەوت ھەناردەی دەرەوە دەکرێت یاخود ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکرێت، کە ھەردو بژاردەکە جیاوازییان ھەیە، چونکە وەستانی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، زیانی بۆ بودجەی عێراق هەیە و بۆ ھەرێمی کوردستانیش گرنگە نەوتی ھەرێم ھەناردە بکرێتەوە.

رونیشیكردەوە لە دوابڕیاری ئەنجومەنی وەزیراندا پێشنیاز کراوە تێچوی دەرھێنانی بەرمیلێک نەوتی ھەرێمی کوردستان 16 دۆلار بێت، بەھۆی ئەوەی سروشتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرھێنانی نەوت لە ناوچەکانی دیکەی عێراق جیاواز و قورسترە، بۆیە تێچوی زیاتره بۆ کۆمپانیاکانی دەرھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوە لیژنەیەکی راوێژکاری دێتە ھەرێمی کوردستان و ھەڵسەنگاندن بۆ ھەر کێڵگەیەکی نەوت دەکات، تا بزانن تێچوی چەندە، کە ھەر کێڵگەیەک تێچوی جیاوازە لەگەڵ یەکێکی دیکە، بۆیە ئەو لیژنەیە کاری خۆی دەکات بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتن.

وتيشى: بۆ ھەرێمی کوردستان پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بۆ دەرەوە زۆر گرنگە و پێویستە حکومەتی ھەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق و تورکیا ئەو پرسە چارەسەر بکات، چونکە لایەنی سێیەم لە دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، تورکیایە، لەبەر ئەوەی لە رێگەی تورکیاوە نەوتی ھەرێم ھەناردە دەکرێت، بۆیە پێویستە لەگەڵ ئەوانیش رێککەوتن بکرێت.

ئاماژەشیكرد ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم، لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان و عێراقیشە، بۆیە کە رێککەوتن لە نێوان ھەردو حکومەتدا کرا، کە ھەناردەکردنەوەی نەوت لە بودجەشدا باسکراوە، دێتە پەرلەمان و ئەوکات گرفتی بۆ دروست ناکرێت و دەتواندرێت یاسای بودجە ھەموار بکرێتەوە و تێیدا رێککەوتنەکە جێگیر بکرێت و ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە.

باسی لەوەشكرد پێویستە ئەو پرسە بکرێتە ئەولەویەت و بە زویی چارەسەر بکرێت، چونکە بە هۆی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە، عێراق ساڵانە 20 ملیار دۆلار  زیانی بەردەکەوێت، بۆیە گرنگە بە زویی رێککەوتن بکرێت و دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بکرێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار