توركیا قەییومى بۆ شارەوانی دێرسم دانا
5 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوڵاتی
-قەییووم بۆ شارەوانی دێرسم و شارەوانی شارۆچکەی پلووری پارێزگەی دێرسمی باکووری کوردستان دانرا.
- بڕیاردرا بە دانانی بولەند تەکبییکئۆغڵو، پارێزگاری دێرسم وەک سەرۆک شارەوانی دێرسم بەوەکالەت.
بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەییووم بۆ شارەوانی دێرسم و شارەوانی شارۆچکەی پلووری پارێزگەی دێرسمی باکووری کوردستان دانرا.
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بڕیاری دانانی قەییوومی بۆ شارەوانی دێرسم و شارەوانی شارۆچکەی پلوور بڵاوکردەوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کە 31ـی ئاداری 2024 کرا، جەودەت کۆناک، بەربژێری دەم پارتی رێژەی 40.22٪ـی دەنگەکانی شارەوانیی دێرسمی بردەوە و بە سەرۆکی شارەوانیی پارێزگاکە هەڵبژێردرا.
تاوەکو ئەم ئێوارەیە شارەوانی شارۆچکەی پلوور لە پارێزگای دێرسم لە لایەن جەهەپەوە بەڕێوەدەبرا و مستەفا ساریگوڵ، بەربژێری ئەو حیزبە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا رێژەی 33.63٪ـی دەنگەکانی بردەوە و بە سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردرا.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، جەودەت کۆناک، هاوسەرۆکی شارەوانیی دێرسم لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی پەکەکە/ کەجەکە بەتۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە و بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی، داواکاری گشتی بە تۆمەتنامەی ژمارە 1146/2024 داوای 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی کردووە.
ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیاردراوە بە دوورخستنەوەی جەودەت کۆناک بەپێی مادەی 47ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان و مادەی 127ـی دەستووری تورکیا، بەهۆی ئەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی کۆتایی نەهاتووە.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەپێی هەردوو مادەی 45 و 46ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان، بڕیاردرا بە دانانی بولەند تەکبییکئۆغڵو، پارێزگاری دێرسم وەک سەرۆک شارەوانی دێرسم بەوەکالەت.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە هەمان راگەیێندراودا سەبارەت بە دانانی قەییوم بۆ شارەوانی شارۆچکەی پلوور رایگەیاندووە، مستەفا ساریگوڵ، سەرۆکی شارەوانی پلوور لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی پەکەکە/کەجەکە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە و بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی، داواکاری گشتی بە تۆمەتنامەی ژمارە 1146/2024 داوای 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی کردووە.
راگەیێندراوەکە دەڵێت، بەهۆی ئەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە دانەخراوە و کۆتایی نەهاتووە، بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی مستەفا ساریگوڵ لە ئەرکی سەرۆک شارەوانی، بەپێی مادەی 47ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان و مادەی 127ـی دەستووری تورکیا. هەروەها بەپێی هەردوو مادەی 45 و 46ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان، بڕیاردرا بە دانانی حوسێن شامیل سۆزەن، قایمقامی شارۆچکەکە وەک سەرۆک شارەوانیی پلوور بەوەکالەت.
له 30ـی تشرینی یەکەمی 2024، قەییووم بۆ شارەوانی شارۆچکەی ئەسەنیورتی جەهەپە لە ئیستەنبووڵ دانرا و ئەحمەد ئۆزەر لەکارلادرا و بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ کەجەکە/پەکەکە دەستبەسەر کرا.
رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2024 بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەییوم بۆ شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیهـ و خێلفەتی رووها لە باکووری کوردستان دانرا.