ژووری بازرگانی سلێمانی: حکومەتی عێراق رێگریمان لێدەكات
2 كاتژمێر لەمەوپێش
- عێراق سورە لەسەر ئەوەی دەبێت سەرجەم کارگە و کۆمپانیاکانى هەرێمی کوردستان لە بەغداد مۆڵەت وەربگرن.
- ئەو کارەی حکومەتی عێراق نە دەستوورییە و نە یاسایی.
نەوزاد غەفور سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی رایگەیاند رێگرییەکانی حکومەتی عێراق کاری چەندین کارگەی لە هەرێمی کوردستان راگرتووە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆمان کردووە و زانیاریمان لەسەر کارگەکانی هەرێم خستووەتەڕوو، بەڵام عێراق سورە لەسەر ئەوەی دەبێت سەرجەم کارگە و کۆمپانیاکان لە بەغداد مۆڵەت وەربگرن.
وتيشى: ماوەی سێ مانگە لە بازگەکانی عێراق رێگری لە ناردنی بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ئەو کارەی حکومەتی عێراق نە دەستوورییە و نە یاسایی، چونکە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی هەیە مۆڵەت بە کارگەکان بدات.
باسی لەوەشكرد یەکێک لە بیانووەکانی وەزارەتی پیشەسازیی عێراق ئەوەیە، چەند بەرهەمێک بەناوی بەرهەمی ناوخۆی هەرێم نێردراون بۆ عێراق، بەڵام کارگەی ئەو بەرهەمانە لە هەرێمی کوردستان نین و چەند جارێک جەختمان کردووەتەوە کە عێراق شاندێکی بنێرێت بۆ لێکۆڵینەوە ئەگەر گومانەکانیان راست دەرچوو ئەوە دەتوانن رێکاری یاسایی بگرنەبەر، بەڵام ئەوەی عێراق دەیڵێت تەنیا گومانە و ئەوەی دەیڵێن بۆ لاوازکردنی کەرتی پیشەسازیی هەرێمی کوردستانە.