بڕیاردرا بە دواخستی 27مین فیستیڤاڵی گەلاوێژ
2 كاتژمێر لەمەوپێش
- فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە رەسمی دواخراوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا وادەی سازكردنی فێستیڤاڵ ئاشكرا دەكرێت.
- بەرپرسیارێتی هیچ بۆنەو چالاكیەك لە ئەستۆ ناگرین كە بەبێ هیچ ماف و شەرعیەتێك بەناوی بنكەوە سازبدرێت.
- بڕیاریاندا لە فێستیڤاڵەكەدا خەڵاتێكی ساڵانە دابنرێت بە ناوی (خەڵاتی ساڵانەی سامی هادی بۆ داهێنان).
دەستەی باڵای فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە سەرپەرشتی مەلا بەختیار كۆبونەوەیەكی ئەنجامدا و تێیدا بڕیاردرا بە دواخستی 27مین فیستیڤاڵی گەلاوێژ.
دەستەكه ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بە سەرپەرشتی مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر و دەستەی باڵای ناوەندی رۆشنگەری چاودێر و فێستیڤاڵی گەلاوێژ، كۆبوەوە و تاوتوێی بەرنامەی كاری داهاتوی تۆڕەكەی كرد.
مەلا بەختیار لە كۆبونەوەكەدا ڕایگەیاند، لە ماوەی زیاتر لە چارەكە سەدەی رابردو، بنكەی روناكبیری گەلاوێژ 26 فێستیڤاڵی سازكردوە و لە 25 فێستیڤاڵیشەوە، ئەم بۆنە ئەدەبی و ڕوناكبیرییە، هەنگاوێكی گەورەی نا و بو بە فێستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی.
ئاماژەی بەوەشكرد، مەخابن، لەكاتێكدا سەرگەرمی ئامادەكارى بوین بۆ 27مین فێستیڤاڵ، دۆخێكی ناهەموار بەسەر تەواوی تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێردا هات، كە بنكەی ڕوناكبیری گەلاوێژ، یەكێكە لە ئۆرگانەكانی ئەو تۆڕە، بەو هۆیەشەوە، بارەگا و بەشێكی زۆر لە كەلوپەلەكانی گەلاوێژیش دەستیبەسەردا گیرا.
مەلا بەختیار باسی لەوەشكرد، ئێمە لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر و بنكەی ڕوناكبیری گەلاوێژ، بەرپرسیارێتی هیچ بۆنەو چالاكیەك لە ئەستۆ ناگرین كە بەبێ هیچ ماف و شەرعیەتێك بەناوی بنكەوە سازبدرێت، هەروەک دەسبەرداری مافی یاسایی خۆشمان نابین و رێچكەی یاسایی دەگرینە بەر بۆ پارێزگاری لە ناو و ناوبانگ و شكۆی بنكە و فێستیڤاڵی گەلاوێژ.
لە كۆبونەوەكەدا، دەستەی باڵای سەرپەرشتی تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، جەختی لەوەشكردەوە، بە هۆی ئەو بارە ناهەموارە و وەك بەرپرسیارێتیەكی پیشەیی و ئەخلاقی بەرامبەر بە رەوت و سەنگ و دەسكەوتەكانی گەلاوێژ، بڕیارمان دا بە دواخستنی (27)ەمین فێستیڤاڵ، لێرەشەوە رایدەگەیەنین، ئێمە بەرپرسیارێتی تەواوی 26 فێستیڤاڵی رابردو، دەگرینە ئەستۆو بە ڕێز و شانازیەوە لەو دەسكەوت و پێشكەوتنانە دەڕوانین كە فێستیڤاڵ و تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر بەدەستیان هێناوە لە چارەكە سەدەی رابردودا.
هەروەها دەشڵێت، "دامەزراندنی بنكە و سازدانی یەكەمین فێستیڤاڵ، لە ساتەوەختێكدا بوو، كە تاكە دەنگێك لە كوردستان، دەنگی چەك و تاكە ڕەنگیش ڕەنگی خوێن بوو، بەڵام گەلاوێژ وەك دەنگ و ڕەنگێكی جیاواز، توانی نائومێدی بڕەوێنێتەوە و رێچكەیەكی گرنگ بگرێتە بەر، كە بەرهەمەكەی هەڵكەوتنی دەیان و سەدان قەڵەمی بەبڕشت و جوانبەخشە.
ئاماژەی بەوەش كرد، گشت نوسەران و روناكبیران، دۆستانی گەلاوێژ ئاگادار دەكەینەوە، 27مین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە رەسمی دواخراوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا وادەی سازكردنی فێستیڤاڵ ئاشكرا دەكرێت.
هەر لەو كۆبونەوەیەدا مەلا بەختیار و دەستەی باڵای ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، بڕیاریان دا لە فێستیڤاڵەكەدا، خەڵاتێكی ساڵانە دابنرێت بە ناوی (خەڵاتی ساڵانەی سامی هادی بۆ داهێنان)، بۆ زیندو هێشتنەوەی یاد و كارەكانی شادڕەوان سامی هادی كە لە 26 فێستیڤاڵی رابردو رۆڵی باڵای لە فێستیڤاڵدا هەبوو.