بزووتنەوەی گۆڕان: دەبینە ئۆپۆزسیۆنێكی نیشتمانی.
3 كاتژمێر لەمەوپێش
-بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند بڕیارماندا بەشداری حكومەت نەكەین و ببينە ئۆپۆزسیۆن.
- هیوادارین حكومەتی داهاتوو ببێتە حكومەتی خزمەتگوزاری خەڵك.
بزووتنەوەی گۆڕان دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بارەگای بزووتنەوەكە لە شاری سلێمانی رایگەیاند بڕیارماندا بەشداری حكومەت نەكەین و ببينە ئۆپۆزسیۆن.
دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان دوای كۆبوونەوەكە بۆ ڕۆژنامەونووسان ڕایگەیاند، بە فەرمی وەڵامی شاندی دانوستاندكاری پارتیمان داوەتەوە، كە بەشداری كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم ناكەین و دەبینە ئۆپۆزسیۆنێكی نیشتمانی.
ڕاشیگەیاند، گۆڕان دوو ئەزموونی لە ڕابردوودا هەبووە هەم وەك ئۆپۆزسیۆن و هەم وەك بەشدار لە حكومەت، كە بەداخەوە ئەزموونی بەشداری لە حكومەت سەركەوتوو نەبووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، دەبنە ئۆپۆزسیۆنێكی نیشتمانی و چاودێر بەسەر حكومەت و دامەزراوەكانەوە و وتیشی: هیوادارین حكومەتی داهاتوو ببێتە حكومەتی خزمەتگوزاری خەڵك.
جەختیشی كردەوە، بەپێی ئەو زانیاریانەی هەیانە، تا ئێستا ئاسۆیەكی ڕوون نییە بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم.