مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک گردبوونەوە و داواكاریان هەیە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
- تاوەکو گواستنەوەی راژەکانمان، داواکارین مووچەکانمان بە نیشتمانی بکرێن.
- راستەوخۆ لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە بە (کی کارت) لە یەکێک لە بانکەکانی رەشید و رافیدەین کە لە شاری کەرکووک لقیان هەیە، بدرێت.
ژمارەیەک لە مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک گردبوونەوە و داوای گواستنەوەی راژەکانیان بۆ سەر بەغدا.
رۆژی پێنجشەممە ژمارەیەک لە مامۆستایان، بەناوی دەستەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگا گردبوونەوە و هەندێک داواکارییان لە رێگەی راگەیێندراوێکەوە بۆ رای گشتی خستەڕوو.
لە گردبوونەوەکەدا، نوێنەرێکی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە شاری کەرکووک چوار بەشی خوێندن هەیە، کوردی، عەرەبی، تورکمانی و سریانی کە جگە لە خوێندنی کوردی، مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنەکانی دیکە لەسەر وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی فیدراڵییە، ئەمە لەکاتێکدایە هەموومان خەڵکی رەسەنی شاری کەرکووکین.
وتيشى: ئێمەی کەرکووکی، هەر چۆن لە هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانی ئەم شارەدا بەشدارین، بە مافی رەوای خۆمانی دەزانین کە مووچەکانیشمان هەر لەم شارە بێت و وەک هاووڵاتییەکی شارەکە مامەڵەمان لەگەڵدا بکرێت.
چەندین داواکاری لە راگەیێندراوەکەدا خراونەتەڕوو کە لە یەکێک لە خاڵەکاندا باس لە گواستنەوەی راژەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی بۆ سەر میلاکی حکومەتی ناوەندی بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی کراوە.
هەروەها داوا دەکەن، تاوەکو گواستنەوەی راژەکانمان، داواکارین مووچەکانمان بە نیشتمانی بکرێن و بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، راستەوخۆ لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە بە (کی کارت) لە یەکێک لە بانکەکانی رەشید و رافیدەین کە لە شاری کەرکووک لقیان هەیە، بدرێت.
زیاتر لە حەوت هەزار و 350 مامۆستای خوێندنی کوردی لە کەرکووک هەن، کە مووچەکانیان لەسەر وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.