بەغدا داوای کردووە هەرێم خۆی بە داهاتی ناوخۆ کورتهێنانى مووچە پڕبکاتەوە
بەغدا دەڵێت: دەبێت کورتهێنانی مووچە، هەرێم خۆی پڕی بکاتەوە
5 ڕۆژ لەمەوپێش
- حکومەتی فیدراڵی عێراق بڕیاریدا 761 ملیار و 146 ملیۆن دینار بۆ مووچەی مانگی 10 خەرج بکات.
- ڕۆژی یەکشەممە 1ـی12 دەخرێتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان.
- بڕیاریشی داوە هیچ بڕە پارەیەکی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرێت تاوەکو مووچەی مانگی 10 دابەش نەکرێت.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی عێراق بڕیاریدا 761 ملیار و 146 ملیۆن دینار بۆ مووچەی مانگی 10 خەرج بکات.
وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی 763 ملیار و 146 ملیۆن دیناری بۆ مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا، بەڵام بڕی دوو ملیار دینار وەکو لێبڕینی 10%ی مووچەی بنەڕەتی خانەنشینی لەلایەن بەغدا دەگێڕدرێتەوە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە دەزگاكانی ڕاگەیاندنی وت: وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا بڕیاری خەرجکردنی بڕە پارەکەی داوە و ڕۆژی یەکشەممە 1ـی12 دەخرێتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان.
رونیشیكردەوە ئەو پارەیەی بەغدا دەینێرێت بەشی مووچە ناکات و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە 996 ملیار دینار هەیە، بەمپێیە بڕی 233 ملیار دینار کورتهێنان دروست دەبێت.
سەرچاوەکە باسی لەوە کرد، بەغدا داوای کردووە هەرێمی کوردستان خۆی بە داهاتی ناوخۆ کورتهێنانەکە پڕبکاتەوە، بڕیاریشی داوە هیچ بڕە پارەیەکی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرێت تاوەکو مووچەی مانگی 10 دابەش نەکرێت.