ئایا یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان رێگە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ خۆش دەکات؟
یەکەم دانیشتنی پەرلەمان پێکهێنانی کابینیەی نوێی حکومەت یەکلایی دەکاتەوە
3 ڕۆژ لەمەوپێش
ئەم دانیشتنەی پەرلەمان دەبێتە سەرەتای کردنەوەی گرێ کوێرەکان یان هێندەی تر رێگەکانی پێکهێنانی حکومەت دوردەخاتەوە و بە تونێلێکی تاریکی دەگەیەنێت؟
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
بڕیارە رۆژی دوو شەممە یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەبچێت، بەپێی مادەى 47ـی یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانیش یەکەم دانیشتن بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین ئەندام دەکرێت و هەر لەو دانیشتنەدا ئەندامانى نوێ سوێندى یاسایی دەخۆن.
لە مادەى 48 یشدا هاتووە، بە رێگەى دەنگدانى نهێنى سەرۆک و جێگر و سکرتێرى پەرلەمان لە هەمان دانیشتندا هەڵدەبژێردرێن.
بە گوێرەى مادەى چوارى یاساى کاراکردنەوەى دامەزراوەى سەرۆکایەتیی هەرێمیش، لە ماوەى 30 رۆژ لە هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتی، دەبێت پەرلەمان دەرگاى خۆپاڵاوتن بۆ پۆستى سەرۆکى هەرێم بکاتەوە.
رونیش نییە ئایا ئەو دانیشتنە دەبێتە سەرەتای هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ یاخود هێندەی تر رێگاکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ ئاڵۆزتر و دوورتر دەخاتەوە؟ یاخود دانیشتنەکان بە کراوەیی دەهێڵێتەوە و فشارە ناوخۆیی و دەرەکیەکان حزبە براوەکان ناچار دەکات سازشی زیاتر بۆ یەکتر بکەن.
تا ئێستا هیچ جۆرە رێکەوتنێک لە نێوان یەکێتی و پارتی بۆ یەکەم دانیشتنی پەرلەمان نەکراوە؛ تا سەرۆک و جێگرەکەی و سکرتێری پەرلەمان هەڵبژێرن، بەوەش بە دڵنیاییەوە دانیشتنی پەرلەمان بە کراوەیی بۆ کاتێکی نادیار دەمێنێتەوە.
لەسەر ئاستی حزبیش سەردان و کۆبوونەوەکان بۆ لای یەکتر دەستی پێکردووە و هەر یەک لە یەکێتی و پارتی شاندی تایبەتیان بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە، ئەوەش لەکاتێکدایە لە ڕاگەیەندراو و لێدوانی بەرپرسانی یەکێتی و پارتی لە دوای کۆبونەوەیان لەگەڵ لایەنەکان تا ئێستا تەنها زانیاری گشتی بڵاو دەکەنەوە و بە هیچ جۆرێک روخسار و ناوەرۆکی کابینەی نوێ دیار نییە.
بۆ لێکتێگەیشتنیش رۆژی شەممە یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆبونەوە، دوای کۆبونەوەکەش نووسینگەی قوباد تاڵەبانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: هەردوو شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی، ئامادەییان دەربڕی بۆ درێژەدان بە کۆبوونەوەکانی نێوانیان.
پێشتریش مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندبوو لە پێکهێنانی کابینەی نوێدا پێویستە یهك حكوومهت، یهك پهرلهمان و یهك هێزی پێشمهرگه هەبن.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمان بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی جیاواز لە کۆی حزبەکانی تر هێڵی سوری بۆ ئەو کەسە داناوە کە پارتی بە نیازە جارێکی تر بیکاتەوە بە سەرۆکی حکومەت، بافڵ تاڵەبانی سوێندیشی خوارد بێ ئۆکەی یەکێتی پۆستی بەرێوەبەری گشتیش وەرناگرێت، ئەو سوێندە و کۆی بەڵێنەکانی لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن، دانوستان و سیناریۆکانی پێکهێنانی حکومەتی بەرەو رێگەیەکی داخراو بردووە.
تا ئێستاش باس لە چەندین سیناریۆ بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکرێت، بەڵام تەنها سیناریۆی بەشدابوونی پارتی و یەکێتی لە کابینەی ١٠ لۆژیکییە و کۆی ناکۆکیەکانی پارتی و یەکێتییش لە پێکهێنانی کابینەی نوێ و شێوازی بەرێوەبردنی حکوت لە کاتێکدایە دانیشتوانی هەرێم دوچاری چەندین قەیرانی کوشندە بونەتەوە لە نەبوونی موچە و کۆی خزمەتگوزاریەکانی تر و هەقی خۆیانە بپرسن؛ لە کارنامەی حکومەتی داهاتوودا ئایا جارێکی تر هەر باس لە کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان دەکرێت، یان ئەمجارە بەجدی خاڵ دەخرێتە سەر پیتەکان و قۆناغێکی نوێ دەستپێدەکات.