وەزارەتی كارەباى هەرێم: بڕیارمان داوە پێدانی کارەبای نیشتمانی باشتر بكەین
20 كاتژمێر لەمەوپێش
- بڕیاردرا ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی سیستەمی کارەبا باشتر بكرێت.
- ئەو بڕیارە لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا بوو لە دهۆك كە بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی کارەبا و گونجاندنی لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا لە وەرزی زستاندا.
- تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە یەکخستنی میکانیزمی دیاریکردنی کاتەکانی پێدانی کارەبا.
وەزارەتی كارەباى هەرێمى كوردستان بڕیارێك بۆ باشكردنی پێدانی كارەبای نیشتمانی دەدات و باشتر بەڕێوەبردنی ئەو بڕە کارەبایەی لە ئێستادا بەرهەم دێت تاووتوێ دەكات.
وەزارەتەكە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكردەوە بڕیاردرا ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی سیستەمی کارەبا بەشێوەیەک بەڕێوەببرێت لەگەڵ هەرسێ ئاستی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردن بگونجێت و سیستەمەكە لە بەرامبەر هەر جۆرە گوشار و زیانلێکەوتنێک پارێزراو بێت.
وتيشى: ئەو بڕیارە لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا بوو لە دهۆك كە بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی کارەبا و گونجاندنی لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا لە وەرزی زستاندا، بە سەرپەرشتیی ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێم و ئامادەبوونی بەرپرسی کۆنتڕۆڵی کارەبای پارێزگاکان بەڕێوەچوو.
ڕونیشیكردەوە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە یەکخستنی میکانیزمی دیاریکردنی کاتەکانی پێدانی کارەبا و باشتر بەڕێوەبردنی ئەو بڕە کارەبایەی لە کاتی ئێستادا بەرهەم دێت و بەسەر پارێزگاکان دابەشکراوە.