مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تا دێت زیاتر دوادەکەوێت!

مووچەی فەرمانبەران تا دێت دوا دەکەوێت!

5 ڕۆژ لەمەوپێش



بەپێی نیگەرانی فەرمانبەران و بێ وەڵامی دەسەڵاتدارانیش هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەرکردنی بەدیناکرێت!

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

 لە پارێزگاکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەند دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ١٢ کراوە، کەچی لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا فەرمانبەران موچەی مانگی ١٠ یان وەرنەگرتووە، ئەوەش بە هۆی ئەو ناکۆکیانەوەیە کە لە نێوان یەکێتی و پارتیدا هەن بەهۆی غیابی ستراتیژێکی هاوبەشەوە بۆ حکومڕانی و نەبوونی شەفافیەتەوە لە داهاتی ناوخۆدا. ئەم لێکترازانەی نێوان یەکێتی و پارتی وای کردووە قەیرانی دارایی و نەبوون و دواکەوتنی موچە بەردەوام بێت و نەتوانرێت چارەسەر بکرێت.

لە پارێزگای سلێمانیش بایکۆت و ناڕەزایی دەستیان پێ کردووە و پێدەچێت لە هەفتەی داهاتوودا جارێکی تر مامۆستایان و فەرمانبەران دەست بە خۆپیشاندان بکەنەوە، بەڵام وەک ساڵانی ڕابردوو لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، هیچ جۆرە ناڕەزایی و بایکۆتێک بە دیناکرێت و فەرمانگە حکومیەکان کاری ئاسایی خۆیان دەکەن، ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ جوڵەی بازاڕ لەو دوو پارێزگایە و بوونی سەرچاوەی داهاتی زیاتر ئەگەر بەراوردیان بە پارێزگای سلێمانی و سستی جوڵەی بازاڕ لەم شارەدا بکرێت.

لێدوانەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتی میوانداریکردنی لە ئەنجومەنی نێوێنەران، تایبەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەو ڕاستیەی سەلماند نە بەغدا نە یەکێتی و پارتی جدی نین لە چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە و زەرەرمەندی یەکەم و کۆتاییش فەرمانبەرانی هەرێمن.

سودانی لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران وتی: جێبەجێنەکردنى ماددەکانى بودجە و رادەستنەکردنى داهات، کێشەى بۆ مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دروستکردووە.

بەو پێیەی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق بۆ موچەخۆرانی هەرێم تەواو بووە، ناتوانرێت بڕە پارەی زیاتر بۆ هەرێم بنێرن.

چارەسەری ئەو پرسەش تەنها بە گواستنەوەی پارە دەکرێت لەو پشکەی بۆ بواری وەبەرهێنان تەرخانکراوە بۆ بواری بەکاربردن کە پشکی هەرێم لە بواری وەبەرهێنانی یاسای بودجەی گشتی عێراق وەک خۆی ماوە و دەستکاری نەکراوە، گواستنەوەشی لە دەسەڵاتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و ئەنجومەنی وەزیراندایە کە دەتوانێت لەرێی دەنگدانەوە بڕیار لەسەر ئەو پرسە بدات.

بە قسەکانی سودانیشدا دەردەکەوێت نە تەیف سامی و نە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئامادە نین گواستنەوە بە داهات بکەن بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بودجەی گشتیدا و چاوەرێی هەمواری ئەو یاسایە دەکەن لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.

هەرچی حکومەتی هەرێمیشە دەستەوسانە لەبەردەم ئەو قەیرانە و هیچ چارەسەرێک بۆ موچەی فەرمانبەران لە هەگبەی ئەم حکومەتەی یەکێتی و پارتیدا نییە، بە جۆرێک ئامادە نەبوو تەنانەت کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیش بکەن چونکە دەزانن ناتوانن بچوکترین کێشە و قەیرانی دانیشتوانی هەرێم لە ئێستادا چارەسەر بکەن.

بۆ پڕکردنەوەی موچەی مانگی ١٠ش کە حکومەتی عێراق بڕی ٧٦١ ملیار دیناری ناردووە، وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت پارەی پێویستی بۆ بڕکردنەوەی کورتهێنان لەبەردەسدا نییە، ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی ١١ مانگی رابردوودا هیچ بڕە پارەیەکی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوریەکان و داهاتی فرۆشتنی نەوت بە قاچاغی بەکارنەهێنراوە و کەس نازانێت کۆی ئەو داهاتە لە کوێدا هەڵگیراون.

چارەسەری ئەو دۆخە ناهەموارەش تەنها لە رێی یەک هەڵوێستی و شەفافیەت لە کۆی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان و کەرتی نەوتدا دەکرێت لەگەڵ بوونی بەرنامە و ستراتیجی هاوبەش لە لایەن یەکێتی و پارتی و پابەندبوون بە رێکەوتنەکانیان لەگەڵ بەغدا و رادەستکردنی ئەو بڕە پارەیەی لەگەڵ حکومەتی عێراق رێکەوتنیان لەسەر کراوە تا کۆتایی بە قەیران و گرفتی نەبوون و دواکەوتنی موچە بە شێوەیەکی ریشەیی بهێنرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار