لاهور شێخ جەنگی داوا لە سەرجەم هێزە سیاسیەکانی کوردستان دەکات یەکڕیز و یەکگرتوو بن.

4 ڕۆژ لەمەوپێش



پەیامەکەی لاهور شێخ جەنگی ڕووی لەسەرجەم هێزە کوردستانییەکانە و لە پێناو چارەسەری دۆزی ڕەوای گەلی کورد دایە.

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

ڕووداوە خێرا و بێ هاوتاکەی سوریا، کە چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاری گەورەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆزی کورد پێبێت، وای لە لاهور شێخ جەنگی کرد لە میانەی بەشداریکردنییەوە لە بیستەمین دیالۆگی مەنامەدا لە شاری بەحرەینەوە پەیامێکی لۆژیکی بەرپرسیارانە بڵاو بکاتەوە و داوا لە کۆی هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بکات هاوکار و یەک ریز بن تا گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان بە قازانجی میللەتەکەمان بشکێتەوە.

بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و هاوکاریکردنیان لەلایەن حزب و لایەنە سیاسیەکانی بەشەکانی تری کوردستان بە تایبەت هەرێمی کوردستان، لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی روون و ئاشکرای پێیە و دەڵێت جیاوازییەکی زۆر جەوهەری و گەورە هەیە لە نێوان( پشتیوانی و هاوسۆزی) لەگەڵ (دەستوەردانی نەرێنی) بەو واتایەی پێویستە لەسەر هەموو لایەک پشتیوانی رۆژئاوا بین نەک لەرێی دەستوەردانەوە کۆی دەستکەوتەکانیان کە بە فرمێسک و خوێن بەدیهاتوون بخەینە مەترسییەوە.

بۆ خۆ گونجاندنیش لەگەڵ دۆخە نوێکە لاهور شێخ جەنگی دەستەی تەحریر شام بە نمونە دەهێنێتەوە کە چۆن گۆڕانکاری بەسەر هەڵوێست و سیاسەتی خۆیدا هێناوە و لە پاشخانێکی توندڕەوی تیرۆریستییەوە ئێستا باسی ئازادی و پێکهێنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی دەکات.

بەو پێیەش جۆرێک لە گۆڕانکاری بۆ کورد پێویستە لە کاتێکدا دۆخە نوێکە بە دڵنیاییەوە جارێکی تر پرسی کورد دەباتەوە ناو ناوەندە نێو دەوڵەتییەکان.

لەوبارەیەوە لاهور شێخ جەنگی روو دەکاتە پەکەکە و دەڵێت: پێویستە هەموو لایەک دەستوەردانی نەرێنی لە کاروباری رۆژئاوادا نەکەن و بارگاویشی نەکەن بە هیچ ئەجیندا و ئایدۆلۆژیایەک، دەشڵێت پێویستە ئەو راستییە بزانرێت، کە وەرگرتنی شەرعیەت بۆ دۆزی کورد لە رۆژئاوا و ئایندەی سووریادا پێویستی بە سیاسەتێکی واقعیانە هەیە و دەبێ تێگەیشتنی قووڵیان لەو رووەوە هەبێت و جیاوازییەکانیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە نەبێتە کێشە بۆ کۆی ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان.

هەر سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان لاهور شێخ جەنگی داوای پیادەکردنی سیاسەتێکی واقیع بینانە دەکات بۆ وەرگرتنی مافە نەتەوەیی و سیاسییەکان لە سوریای نوێدا؛ چونکە دووبارەبوونەوەی هەلی مێژویی لەو جۆرە ئەستەم و قورسە.

لاهور شێخ جەنگی سەبارەت بەهەرێمی کوردستانیش لەپەیامەکەیدا دەڵێت: دەسەڵات تا ئێستا بچوکترن جوڵەی سیاسی و دیبلۆماسی نەکردووە و نغرۆ و مەستی گەندەڵی و بردنی داهاتی ناوخۆ و قاچاغچێتی نەوتن و موچەی فەرمانبەرانیان بە تۆنێلێکی تاریک گەیاندووە، چاویشیان جگە لەبەرژەوەندی تایبەت و تەسکی حزبایەتی هیچی تر نابینێت و هەست بە هەستاری دۆخەکە ناکەن.

 

لەبارەی پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە دەڵێت: "ئەرکی هەموومان بەرامبەر دۆخی سووریا و گۆڕانکارییەکانی گرنگ و گەورەن و دەبێ لێی تێبگەین. لەوچوارچێوەیەدا بەرپرسیاریێتی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزێک کە هاوسنووری رۆژئاوایە گەورەیە و ئەرکی گرنگیان لە ئەستۆدایە، دەبێ رۆحی نەتەوەیی و نیشتیمانی زاڵ بکەن بەسەر حیزبایەتیی بەرتەسکدا.

 هەر لە پەیامەکەیدا لاهو شێخ جەنگی  پێیوایە هەر جۆرە دواکەوتنێک و ئیهمالییەک لەم پرسە گرنگەدا لەلایەن هەردوو زۆنی سەوز و زەردەوە بەهۆی ئەو تاڵانی و پاشاگەردانییەوە کە ساڵانێکی دورودرێژە پەیڕەوی دەکەن، خیانەت و تاوانێکی گەورەیە لە دۆزی ڕەوای نەتەوەکەمان

 دەشڵێت دەبوو گۆڕانکارییە گەورەکانی جیهان و گەڕانەوەی تڕەمپ بۆ دەسەڵات وای لە هەموو لایەک بکردایە خۆمان ئامادە بکەین تا دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بە فراوانترین ئاست بخەینە سەر تەختی شانۆی سیاسەتی جیهان.

 لە کۆتاییشدا داواکارە لە خوای گەورە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق و خوشک و برایان لە رۆژئاوا و سوریا لە هەموو پێشهاتێکی خراپ بپارێزێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار