دوای ٥٣ ساڵ و ٩ مانگ و ١٨ ڕۆژ، ئەمڕۆ کۆتایی بە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەدەکان هات
دوای ٥٣ ساڵ کۆتایی بە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەدەکان هات.
3 ڕۆژ لەمەوپێش
سووریا لەبەردەم سەرەتایەکی نوێدایە و بە ڕای چاودێرانیش ئەمە بۆ کوردی ڕۆژئاوا دەرفەتێکی زێڕینە
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
دەسەڵاتی رژێمی ئەسەد لە سوریا کۆتاییهات، کە سەرەتای دەسەڵاتیان دەگەڕێتەوە بۆ ٢٢ ی شوباتی ١٩٧١. واتە ئەمڕۆ لە ٨ کانونی یەکەمی ٢٠٢٤، کۆتایی بە دەسەڵاتێک هێنرا کە ماوەی ٥٣ ساڵ و ٩ مانگ و ١٨ رۆژ حوکمی سوریای کرد، ئیتر لەمڕۆوە دەروازەیەکی نوێ بۆ دەسەڵات و حوکمێکی نوێ لە سوریا دەستپێدەکات.
ناوی خێزانی ئەسەد دەگەرێتەوە بۆ ناوچەی قرداحە لە لازقییە و سەر بە عەشیرەتی کلبیە- ن نازناوی ئەسەدیش دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٩٢٧ ئەو کاتەی باپیرە گەورەیان علی سولەیمان نازناوی ئەسەدی لە خۆی نا.
لەماوەی دەسەڵاتی حافز ئەسد لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، زۆرینەی کەسوکارەکەی لە دەسەڵاتدا بوون و پۆست و پێگەی گرنگیان لە وڵات وەرگرتبوو و هەژمونی خۆیان بەسەر کۆی کایەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و بازرگانیدا سەپاندبوو، دوای کۆچی دوایی حافز ئەسەد و وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن بەشار ئەسەدەوە؛ لە ١٧ ی تەموزی ٢٠٠٠ ، ئەو دۆخە بەردەوام بوو و ئەندامانی خێزانی ئەسەد و کەسوکارەکەیان کۆی پێگە گرنگەکانی دەسەڵاتی سوریایان لەدەستی خۆیاندا هێشتەوە و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ روی نەدا.
بەشار ئەسەدیش هاوشێوەی باوکی زەمینەسازیی دەکرد کە دوای خۆی حافز بەشار ئەسەدی کوڕی جڵەوی دەسەڵات بگرێتە دەست و حوکمی سوریا بکات، لە دوای ساڵی ٢٠١٣ ەوە حافز بەشار ئەسەد لەلایەن دەزگاکانی راگەیاندنی سوریاوە گرنگی زۆری پێ دەدرا و حزبی بەعسی سوریاش نازناوی ( سەرکردەی لاو) و ( هیوای گەل) یان لێنابوو، بەڵام بە کۆتایبهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی باوکی ئەو خەونە لە گۆڕ نرا کە لە ئایندەدا ئەو دەسەڵات بگرێتەدەست.
لەگەڵ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حزبی بەعس لە سوریا، گۆڕانکارییەکان تەنها ناوخۆی ئەو وڵاتە ناگرێتەوە و پەل دەکێشێت بۆ وڵاتانی ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەراست بە گشتی، کۆتاییش بە هیلالی شیعی هات کە ئێران سەرۆکایەتی دەکرد و لەرێی میلیشا چەکدارەکانیەوە هەژمونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا سەپاندبوو، تا لە ڕێگەی ئەو میلیشیایانەوە کە بەکاری دەهێنان، لەبری تاران و لەبەرژەوەندی ئەوان بەردەوام لە جەنگدابن.
دوای کۆنترۆڵکردنی دیمەشقیش وەک سەرەتایەک بۆ دەسەڵاتێکی نوێ لە سوریا، ئەحمەد شەرع کە ناسراوە بە ئەبومحەمەد جۆلانى، فەرماندەى دەستەی تەحریرى شام رایگەیاند، دامودەزگاکانى دەوڵەت لە ژێر سەرپەرشتى محەممەد غازی جەلال سەرۆکوەزیرانى پێشوودا دەمێننەوە.
هەرچی کوردی سوریاشە کە تۆکمەترین هێز و ئیدارەی لە سوریادا هەیە، بە هیواوە لە روخانی رژێمی ئەسەد دەروانێت و گەشبینە بە داهاتوو بە جۆرێک ئەو گۆڕانکارییە بە دەرفەتێک دەبینێت بۆ بنیادنانى سووریایەکى نوێ لەسەر بنەماى دیموکراتى و یەکسانى، کە مافەکانى سەرجەم پێکهاتەکانی سووریای تێدا پارێزراوبێت.
هەر بۆیە ئایندەی كورد لە سوریا جێی ئومێدە، هەر چەندە رێگاكە بەگوڵ نەچێنراوە و دوژمن زۆرە لە هەر چوارلاوە، بەڵام لەبەر ئەوەی كورد لە وێ یەك دەست و یەك بیرورا و یەك سەركردەیە. ئەگەر دەستێوەردانی نەرێنی لەلایەن كوردانی پارچەكانی تری كوردستانەوە نەبێت، ئەوا پاشەرۆژێكی گەش چاوەرێیان دەكات.