بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و مەترسیەکانی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی بە رێژەی %60 بەرزکردۆتەوە کە مایەی مەترسییە.
دوێنێ
لەدوای تێکشکانی هیلالی شیعی ئایا بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، تاران دەباتەوە بۆ پێگەی خۆی یان زیاتر کەنارگیر دەکرێت.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
لەدوای کۆتایی هاتنی جەنگی عێراق - ئێران کە ماوەی 8 ساڵی خایاند و تێکشانی عێراق لە هەردوو شەڕی یەکەم و دووەمی کەنداو و روخانی رژێمی بەعس لە عێراقدا، گۆرەپانەکە تەواو بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران چۆڵ بوو تا لەرووی مەزهەبییەوە هەژموونی خۆی بەسەر کۆی ناوچەکەدا بسەپێنێ و ئەوەی ناونرابوو هیلالی شیعی لەعێراق و سوریاوە بگاتە باشوری لوبنان، لە دوای گۆڕانکاریەکانیش لە تێکشکانی حزبوڵای لوبنانی و روخانی رژێمی ئەسەد شتێک نامێنێ بە ناوی بەرەی مقاوەمە کە چەکێکی قورس بوو بە دەست ئێرانەوە بۆ سەپاندنی ئەجیندا و هەژموونی خۆی.
دوای کۆی ئەو گۆڕانکارییانەش، ئێستا سەرنج لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە، کە لە دوا ڕاپۆرتی نهێنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کە ئاراستەی ئەندامانی ئەو ئاژانسە کرابوو، ئاشکرا کراوە، تاران پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندۆتە %60 ئەو رێژەیەش زۆربەرزە و زۆر نزیکبۆتەوە لە %90 کە چەکی ئەتۆمی لێ بەرهەم دێت.
لەو بارەیەوە رافائیل گروسی بەرێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هۆشداری دەدات لەوەی ئێران هەوڵی زیادکردنی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی داوە کە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا بەکار دەهێنرێت.
بونی ئێرانیش بە خاوەنی چەکی ئەتۆم بە واتای باڵا دەستی تەواوی ئەو وڵاتە دێت بەسەر ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەڵەتیدا، بە تایبەت ئیسرائیل کە هەردەم هەوڵی داوە رێگری لە تاران بکرێت بۆ بەدەستهێنانی ئەو چەکە، کشانەوەی ئەمریکاش لە سەردەمی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018 دا لەو رێکەوتنە ئەتۆمییەی لەگەڵ ئێران واژۆکرابوو گورزی کوشندەی لەو وڵاتە داو ئابوری و جوڵەی بازرگانی لە ئێراندا پەکخست.
تا ئێستاش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گومانەوە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەروانێت، سوربوونی تارانیش لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتر لەو رێژەیەی کە ئاژانسی وزەی ئەتۆم بۆی دیاری کردووە، مەترسییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر دەبێت و زیاتر تاران لەهەر جۆرە رێکەوتنێک دەرحەق بەو پرسە دوور ئەخاتەوە و ئەو وڵاتە رووبەرووی سزای قورستر دەبێتەوە و زیاتر کەنارگیر دەکرێت.
لە ئێستاشدا جیهان بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە بەرەیەکیان ئەو وڵاتانەن کە خاوەنی چەکی ئەتۆمن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە خاڵین لەو چەکە، لەگەڵ دروستبوونی هەر ناکۆکی و گرژییەک هەردەم خاوەن ئەتۆمەکان باڵا دەستن و وڵاتانی دیکە ناتوانن زۆر سنور هەیە بیبەزێنن هەر بۆیە زلهێزەکانی دنیا هەرگیز رێگە بە تاران نادەن چەکی ئەتۆمی بەرهەم بێنێ، پێدەچێت تێکشکانی حزبوڵا و روخانی رژێمی سیاسی لە سوریا هەنگاوی جدی زلهێزەکان بێت تا ئاستێک بۆ سنور بەزاندنەکانی ئێران دابنێن.