چارەنوسی بنکە سەبازییەکانی روسیا لەسوریا لە دوای رژێمی ئەسەد چی بەسەر دێت؟
کارتی فشاری روسیا بۆ مانەوەی بنکە سەرزییەکانی لە سوریا چییە؟
دوێنێ
دۆڕان و کەوتنی رژێمی ئەسەد بە دۆڕان و کەوتنی هاوپەیمانەکانی لە قەڵەم دەەدرێت
بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە، بەشێک لە سوپای روسیا هانای بۆ ناوچە کوردیەکانی ژێردەسەڵاتی ( هەسەدە) بردووە
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
ڕووخانی رژێمی ئەسەد و ئەو گۆڕانکاریانەی بە دوای ئەو رووداوەدا هاتوون زۆرن، یەکێک لەو گۆڕانکاریانەش چارەنوسی بنکە سەربازییەکانی روسیایە لە سوریا، کە ئەگەری زۆری لە خۆگرتووە و هەرجۆرە کشانەوەیەکی روسیاش بە تێکشکان و دۆڕانی تەواوی روسیا لەقەڵەم دەدرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، چونکە ڕوسیا یەکێکە لە وڵاتە زلهێزەکان و زۆرترین کڵاوەی ئەتۆمی هەیە و بەرژەوەندییەکی زۆر و فراوانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست هەیە و هەموو هەوڵێک بۆ مانەوەی بنکە سەربازییەکانی لە سوریا دەدات.
لەو بارەیەوە شرۆڤەکاری سیاسی سێرگی مارکۆڤ دەڵێت دۆڕانی رژێمی ئەسەد دۆڕانی هاوپەیمانەکانی بوو لە ناوچەکە، مۆسکۆش هەموو هەوڵێک بۆ مانەوەی بنکە سەربازییەکانی دەدات، هۆکاری روخانی رژێمی ئەسەدیش دەگەرێنێتەوە بۆ ئەوەی کە گوێی بە رێنماییەکانی روسیا نەداوە.
دوای تێکشکانی سوپاکەی ئەسەد و کشانەوەشیان لە بەرەکانی جەنگ، بەشێکی زۆری خاڵە سەربازییەکانی سوپای روسیا چونەتە قامیشلۆ و هانایان بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات بردووە و لەوێ جێگیربوون. ئەم پرسەش دەبێتە کارتێکی تری بەهێز بەدەست کوردی رۆژئاواوە و دەکرێت وەک کارتێکی تری فشار لەسەر مێزی دانوستانەکانی داهاتوو بەکاریان بهێنێت.
چاودێرانیش پێیان وایە چارەنوسی مانەوەی بنکە و هێزە سەربازییەکانی رووسیا لە سوریا کە پێکهاتوون لە بنکەی دەریایی تەڕتوس و بنکەی ئاسمانی حمەیمیم پێشتر بەپێی رێکەوتنێک لە نێوان مۆسکۆ و دیمەشق لەو وڵاتە جێگیرکرابوون و سەرلەنوێ پێویستی بە رێکەوتنی نوێ هەیە، چونکە لەگەڵ روخانی رژێمی بەشار ئەسەد کۆی ئەو رێکەوتنانەش کۆتاییان پێهاتووە کە پێشتر واژۆیان لەسەر کرابوو، لە ئێستاشدا روسیا دانوستانی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەمەبەستی مانەوەی بنکە سەربازییەکانی لەو وڵاتە دەستپێکردووە، بەڵام چاودێران پێیان وایە ئۆپۆزسیۆنی سوریا هەرگیز رێگە بە مانەوەی بنکەیەکی سەربازی نادات کە پێشتر بۆردومانی کردوون و ئاگر و ئاسنی بەسەردا باراندوون.
لە دانوستانەکانی داهاتووی نێوان هەردولاشدا، هەریەکەیان کارتی فشاری خۆی هەیە، هەرچی روسیایە کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و مافی بەکارهێنانی ڤیتۆی هەیە، دەستەی تەحریر شامیش کە لەلایەن ئەو ئەنجومەنەوە خراوەتەوە ناو لیستی تیرۆرەوە بۆ سڕینەوەی لەو لیستەدا بە دڵنیاییەوە پێویستی بە ڕەزامەندی ڕوسیایە کە پێشتر ڕایگەیاندبوو بڕیاری کۆتاییان لەبارەی سڕینەوەی دەستەی تەحریر شام لە لیستی تیرۆردا نەداوە. ئەوەی لەهەمووی گرنگترە هەڵهاتنی بەشار ئەسەد و خێزانەکەی و سەرانی حزبی بەعسە بۆ مۆسکۆ کە پێدەچێت لە داهاتوودا دەسەڵاتی کاتی سوریا دانوستان بۆ رادەستکردنەوەیان بکات.
کۆی ئەو کارت و ئەگەرانەش لە داهاتوودا دەبنە خاڵی گرنگی دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و مۆسکۆ بۆ مانەوەی بنکە سەربازییەکانی روسیا لەسوریا، پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا مۆسکۆ ڕەزامەند دەبێت بە سڕینەوەی دەستەی تەحریر شام لە لیستی تیرۆر و ڕادەستکردنەوەی ئەسەد لەبەرامبەر مانەوەی بنکە سەربازییەکانیدا لە سوریا؟ یان هەژموونی خۆی وەک زلهێزێک بەکاردێنێ و گوێ بە داواکاری و هەرەشەکان بۆ کشانەوەی بنکە سەربازییەکانی نادات؟