دروزییەکان کێن سەرەتای سەرهەڵدانیان بۆ کەی دەگەرێتەوە؟
ژمارەی دروزییەکان لەسەر ئاستی جیهان چەندە و بەسەر چەند وڵاتدا دابەشبوون؟
10 كاتژمێر لەمەوپێش
خوا پەرستی و یەکتا پەرستی لایان چۆنە و ژیانی کۆمەڵایەتییان چۆن رێکخستووە؟
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
لەگەڵ ڕووخانی رژێمی ئەسەد تایەفەی دروزییەکان لەسوریا زۆر باس دەکرێت و داوای پاراستنیان دەکرێت، کە ژمارەیان لەسەر ئاستی جیهان بە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار تا دوو ملیۆن شوێنکەوتوو دادەنرێت، پێش ڕووداوەکانی سوریاش لە %3 کۆی دانیشتوانی ئەو وڵاتەیان پێکهێناوە، زۆر بیروراش سەبارەت بە ناوی دروزیەکان هەیە بەڵام خۆیان وایان پێ باشترە کە بە یەکتاپەرستەکان ناوببرێن. چونکە بیروباوەرەکەیان بەیەک خودایی و هاوتا بۆ پەیدانەکردنى دەگەڕێننەوە.
سەرەتای ئاینى دروزى و یەکەم بانگخوازى ئەو ئاینە خەلیفەى فاتیمیەکان حاکم بامر اللەیە کە لە ساڵى 1017 لە میسر حوکمی کردووە و هەرکەسێکیش چوبێتە سەر ئاینەکەیان لەرێی پەیمانێکەوە بووە کە لە ئەهرامەکانى میسر دانراوە، بەڵام دواتر بانگخوازى بۆ ئەو ئاینە داخرا و ڕێگە بە هیچ کەسیکى تر نەدرا بێتە ناو ئەو ئاینەوە، تەنها ئەوانە نەبن کە باوک و دایکیان دروزی بوون.
بەپێى بیروباوەڕى دروزییەکان خوداى گەورە ژمارەیەکى دیاریکراوى لە رۆحی خولقاندووە لەسەر زەوى، ئەو رۆحانە لەجەستەیەکەوە دەچنە جەستەى مرۆڤێکى ترەوە، نەک تەنها لاى دروزییەکان بەڵکو لاى هەموو خەڵک. بەڵام بەرجەستە بوون لاى دروزیەکان وا لێکدەدرێتەوە کاتێ لێکۆڵینەوە لە منداڵەکانیان دەکرێت کە زانیاری سەیر دەربارەى ژیانى کەسێکى تر دەڵێن کە نایناسن، ئەوە لاى دروزیەکان بە دواندن ناودەبرێ بەو واتایەی هەموو نەوەیەک یا منداڵێک لەبارەى ئەوەوە دەدوێ کە بەسەر نەوەکانى دیکەدا هاتووە.
هەندێ کەسیش دروزیەکان بە مەزهەبێکى ئیسلام و هەندێکیان بە ئاینێکى سەربەخۆ لەقەڵەمی دەدەن، چونکە هەندێ لە پیاوەئاینییەکانیان وەک شیخ محمد ئەبو شەقرە خۆیان بە موسڵمان لە قەلەم دەدەن, لەهەمان کات لە سوریا تایەفەى دروزییەکان بە مەزهەبێکى ئیسلام دادەنرێت و وەک سەرجەم تایەفە و ئاینەکانی تری ئەو وڵاتە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.
هەندێ زاناى ئەهلى سوننە و جەماعەش دەڵێن دروزییەکان پەیوەندییان بە ئاینى ئیسلامەوە نییە، زانایانى شیعەش سەبارەت دروزییەکان دەڵێن ئەگەر دروزییەکان باوەڕیان بە یەکتاپەرستى و پیغەمبەرایەتى هەبێ ئەوا وەک سەرجەم موسڵمانان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ، بەڵام گەر یەکێک لە بنەماکانی ئاین یا پێغەمبەرى موسڵمانان رەتکەنەوە ئەوە کوفرە و لە خانەی موسڵمانییەتی دەردەچن.
ژن و ژنخوازیش لای دروزییەکان تەنها لە نێوان خۆیاندا ئەنجام دەدرێ و رێگە نادەن لەگەڵ خەڵکى دەرەوەى خۆیان هاوسەرگیرى بکرێت، لای دروزییەکان فرەژنى رێگەپێدراو نییە، یەکێک لە مەرجەکانى هاوسەرگیریش ئەوەیە هەردوو کەسەکە راستییەکان لەبارەى یەکترەوە بزانن وەک لایەنى تەندروستى و عەقڵى، گەر رێکەوتن لەسەرى، ئەوکات هاوسەرگیریەکە ئەنجام دەدرێت، یەکێکى تر لە مەرجەکان ئەوەیە ئەو دوو کەسەى هاوسەرگیرى دەکەن بۆیان هەیە داواى جیابوونەوە بکەن و دواى جیابوونەوەش بۆیان نییە بچنەوە لاى یەکتری.
مەزارى شوعەیب پێغەمبەر، گرنگترین شوێنى کۆبونەوەى دروزیەکانە لە حطین کە دەروانێت بەسەر دەریاچەى طەبەریادا کە خۆیان دەڵێن گوایە کاتی شەڕى خاچپەرستەکان صلاح الدینى ئەیوبى شەوێک لەو شوێنە خەوێکى دیوە و فریشتەکە پێى گوتوە تۆ سەردەکەوی بە مەرجێک سوارى ئەسپەکەت ببیت و بەرەو رۆژئاوا بڕۆى، دواى شەڕ لەوشوێنە کە ئەسپەکەت دەوستێ ئەوە مەزارى شوعەیب پێغەمبەرە. دواى هاتنەدى خەوەکە دروزیەکان لەوشوێنە مەزارگەیەکیان بنیات ناوە و لە نزیک ئەو شوێنە تاشەبەردێکى لێیە گوایە جێ پێى شوعەیبە لە ٢٥ى نیسانى هەموو ساڵێک لەو شوینە کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆ دەربارەى کاروبارى تایەفەکەیان.
ئافرەتیش لای دروزییەکان دوجۆرن یەکەم ( عاقلات) ئەوانەن کە نیقاب دەپۆشن و پێیان دەگوترێ صایە. دووەمیش پێیان دەوترێت (جاهلات) ئەوانەن کە نەحجاب نە نیقاب ناپۆشن.
لای دروزیەکان رێگە پێدراو و قەدەغەکراوەکانیان لە قورئانى پیرۆزەوە وەرگرتوە، بەپێى بۆچونى ئەوان خواپەرستى دوو شتە یەکیان ڕیگە پێدراوە ئەوەى تریان مامناوەندە کە ئەمانە دەگرێتەوە: بارى کەسێتى، بابەتى خوازبێنى و هاوسەرگیرى و تەڵاق، وازلێهێان، وەسیەت و دابەشکردنى سەروەت و سامان.
دروزیەکان لەخواردن و خواردنەوەشیاندا هەوڵدەدەن رزقى حەڵاڵ بەدەست بێنن و مادە هۆشبەرەکان لایان قەدەغەکراوە و دەبێتە مایەى زیانى تەندروستى و عەقلى و ئابورى و کۆمەڵایەتى.
ژمارەى گشتى دروزیەکانیش لە جیهاندا یەک ملیۆن تا 2 ملیۆن کەس دەبێت و زۆربەیان لە باکورى ئیسرائیل نیشتەجێن، ئەوانی تریشیان دابەشبوون بەسەر چەند ناوچەیەکدا، بۆ نموونە لە سوریا نزیکەى 700هەزارکەس و لە لوبنان بەپێى سەرژمێریەکى نافەرمى ژمارەیان دەگاتە 400 هەزار کەس، لە ئوردنیش نزیکەى 32000 کەسن.
دروزییەکان بەردرێژایی مێژوو هەردەم هەرەشەی لەناوبردنیان لەسەربووە و ئەوانیش هاوشێوەی کورد نەهامەتی و دەردیسەری زۆریان بینیوە، زۆرێک لە ئیسلامییە توندڕەوەکانیش بە کافر و لادەریان داناون و زوڵمی زۆریان لێکراوە، هەربۆیە هەردەم دەنگێک هەبووە داوای پاراستنی کردوون.