دوای روخانی ئەسەد چەندین کارگەی درەستکردنی حەبی کابتاگۆن لە سوریا ئاشکرا دەکرێت.

ئاستی داهاتی بازگانی بە حەبی کابتاگۆن ساڵانە بە 10 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت

2 ڕۆژ لەمەوپێش



سوریا گەورەترین سەرچاوەی حەبی کابتاگۆن بووە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

روداوەکانی سوریا و ئاڵۆزبوون و داتەپینی باری ئابوری و وشکبوونی سەرچاوەی داهات لە دوای ساڵی 2011 ەوە لەو وڵاتە، رژێمی سوریای هانداوە پەنا بۆ بازرگانیکردن بە ماددەهۆشبەرەکان و دروستکردنی حەبی کابتاگۆن بەرێت و وەک دوو چەک بەکاریان بهێنێت و بیانکاتە سەرچاوەی داهاتێکی باش بۆ رژێمی ئەسەد و دارودەستەکەی، جگە لەوەش وەک  چەکێک لە دژی نەیارەکانی بەکاریان بهێنێت.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی "ئەشۆشێتد پرێس" ئەو ناوچانەی لە سوریا حەبی کابتاگۆنیان تیا دروستکراوە و لە دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد ئاشکرابوون، بریتین لە بنکەی ئاسمانی لە دیمەشق و کۆمپانیای بازگانی ئۆتۆمبیل لە لازقیە و کارگەیەکی دروستکردنی جبسی پەتاتە لە دەروازەی دیمەشق و چەندین کارگەی تری دروستکرنی جبسی پەتاتە لە دەوروبەری دۆما. بەپێی زانیارییەکانیش ئەو کارگەیەی لە سنوری قەزای دەربەندیخان کە لە کۆتایی مانگی 4 ی ساڵی 2024 لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە دەستی بەسەرداگیرا، دامەزرێنەری کارگەکە هاوڵاتیەکی سوری و چەند کەسێکی تری دانیشتووی هەرێم بوون.

 هاوکات کارۆلین روز بەرێوەبەری پرۆژەی ( بازرگانی کابتاگۆن) لە پەیمانگای " نیو لاینز" بۆ لێکۆڵینەوە، دەڵێت: دۆزینەوەی ئەو هەموو کارگانە کە سەر بە رژێمی سوریا بوون توشی شۆکی کردوون و بەڵگەی زۆریش لەبەردەستدان سەبارەت بە تێوەگلانی کەسە نزیکەکانی بەشار ئەسەد و ئەندامانی خێزانەکەی لەو بازرگانییەوە. تا ئێستاش کۆی کارگەکان لە سوریا ئاشکرا نەکراون، بەڵام شارەزایان پێیان وایە سەدان کارگەی لەو جۆرە لەسوریادا هەن.

حەبی کابتاگۆن هەر بەتەنها سەرچاوەی داهات نەبووە بۆ رژێمی ئەسەد و دارودەستەکەی، بەڵکو لە رووی دیبلۆماسیشەوە هاوکاربووە بۆ دەرهێنانی لەو کەنارگیریەی تێیکەوتبوو بە هۆی رووداوەکانی ئەو وڵاتەوە، زۆرینەی وڵاتانی عەرەبییش پەیوەندی دیبۆماسییان لەگەڵی بەستەوە و ریشەکێشکردنی ماددەهۆشبەرەکانیش داواکاری سەرەکییان بوو لە رژێمەکەی ئەسەد، لەو چوارچێوەیەشدا لە ساڵی 2023 هەڵپەساردنی ئەندامێتی سوریا لە کۆمکاری عەرەبی هەڵوەشایەوە لەبەرامبەردا سوریا بەڵێنیدا لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان هاوکاربێت، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی هەماهەنگی هەرێمایەتی پێکهات، بەڵام لەدوای روخانی رژێمی ئەسەد ئاشکرابوو ئەو رژێمە خۆی حەبی کابتاگۆنی بەرهەمهێناوە و بەرپرسە باڵاکانی لە بازگانی ماددەهۆشبەرەکان تێوەگلاون، لەو وتارەشدا کە لە مزگەوتی ئەمەوی لە 8ی کانونی یەکەم پێشکەشی کرد، ئەحمەد شەرع فەرماندەی دەستەی تەحریر شام وتی " رژێمی ئەسەد سوریای کردبووە گەورەترین کارگەی دروستکردنی حەبی کابتاگۆن لە جیهاندا، ئەمرۆش سوریا لەو حەبە پاکدەکرێتەوە". چاودێرانیش پێیان وایە بەڵگە لەبەردەستدا هەیە نەک بە تەنها رژێمی ئەسەد بەڵکو چەند گروپێکی ئۆپۆسزیۆنی سوریاش لە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانەوە تێوەگلاون و میلیشیا ناوخۆیەکان و باندەکانی تاوانیش حەبی کابتاگۆنیان دروستکردووە و بازرگانیان پێوەکردووە.

لەوبارەیەوە کارۆلین رۆز دەڵێت پێدەچێت دوای روخانی ئەسەد بازرگانی حەبی کابتاگۆن لەسەر ئاستی جیهان بۆ ماوەیەک، تەواو کەمبێتەوە تا گروپە تاوانکارەکان پێگە و مۆڵگەی تر دەدۆزنەوە بۆ درەستکردنی، بەوپێیەی داواکاری لەسەر ئەو جۆرە حەبە ئێستاش بەردەوامە.

دروستکردنی حەبی کابتاگۆن بەو جۆرە بەرفراوانییە لە سوریا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر وڵاتانی دراوسێی هەبووە و رێژەیەکی زۆری رەوانەی عێراق و لوبنان و ئوردن کراوە و لێیەوە بەجیهاندا بڵاوکراوەتەوە، وەک شارەزایان دەڵێن حەبی کابتاگۆنی سوریا گەیشتووەتە رۆژهەڵاتی ئاسیا و تەنانەت چەند وڵاتێکی ئەوروپا، عێراق و هەرێمی کوردستانیش کە سنورەکەی نزیکەی 600 کیلۆمەترە لەگەڵ سوریادا، قاچاخچێتی بە ماددەی هۆشبەرەوە کراوە لەو سنورەدا و هاوردەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم و عێراق کراون کە ئێستا لە عێراق بە تەواوەتی بڵاوبوەتەوە و تەنانەت گەیشتووەتە ناو قوتابخانە و زانکۆکان.

دیکتاتۆرەکان لەماوەی دەسەڵاتیاندا بە تەنها سەروەت و سامانی وڵات نادزن، بەڵکو لە دوای خۆیان وێرانەیەک جێدێڵن کە دەیان ساڵ کارکردنی بەردەوامی دەوێت تا ئاسەواری ئەو ئێش و ئازارەی لە بوارەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و تەندروستیدا بە میللەتیان گەیاندووە، سارێژ بکرێن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار