هۆشداری لە وەشاندنی گورزی سەربازی لە حەشدی شەعبی دەدرێت.

زۆرینەی فەرماندەکانی حەشدی شەعبی خۆیان حەشارداوە!

دوێنێ



بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە ناوەراست و خۆرئاوای عێراق چۆڵکراون.

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

لە دوای گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و چڕبوونەوەی داواکارییەکان بۆ هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق، چوارچێوەی هەماهەنگی هۆشداری دەدات لە وەشاندنی گورزی سەربازی لەلایەن سوپای ئەمریکاوە لە گروپە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی رادەستکردنی دەسەڵاتیش بە "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، فەرماندە سەربازییەکانی حەشدی شەعبی خۆیان حەشارداوە. ئەوەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە لەشکرکێشی بۆ سەر میلیشیاکانی عێراق نزیکبوەتەوە، ئەم مەترسییانەش لە کاتێکدایە کە زانیارییە دزەپێکراوەکان ئاشکرای دەکەن ئەو گروپە چەکدارانە چەندین ناوچەیان لە ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق چۆڵکردووە کە چەندین ساڵە لەناویاندا نیشتەجێن.

سەرباری ئەو هەموو پێشهاتانەش کە رووبەرووی عێراق  بووەتەوە، دۆخەکە گەیشتووە بەوەی باس لە گۆڕینی سیستمی سیاسی بکرێت، لە هەمانکاتدا محمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: رێگە بە گۆڕینی سیستمی سیاسی له عێراق نادەین و هەموو جۆرە چاکسازییەکیش کە لە دەرەوە بەسەرماندا بسەپێندرێت ڕەتدەکەینەوە،

سودانی بەدووریشی زانی ئەو گۆڕانکارییانەی لە سووریادا ڕوویانداوە، کاریگەری بۆ سەر عێراق هەبێت، بەڵام نوری مالیکی سەرۆکی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا بە پێچەوانەی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە؛ پێی وایە ڕووداوەکانی سووریا سەرەتایەکە بۆ دابەشکرنی وڵاتانی ناوچەکە، بە گوتەی مالیکی دوژمنان هانی لاوان دەدەن بۆ ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە لەناو عێراقدا.

پێشتریش مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەزگاکانی راگەیاندنی ئاشکراکردبوو، کە دۆناڵد ترەمپ داوای لە سودانی کردووە؛ کە دەبێت لە عێراقدا چەک بە تەنها بەدەست دەوڵەتەوە بێت، ئەو داوایەش لە چوارچێوەی داواکارییە بەردەوامەکانی واشنتۆندایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی.

هەر لەوبارەیەوە هۆشیار زێباری وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق؛ پێی وایە کاردانەوەکانی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد تەنها لە سنوری سووریادا نامێنێتەوە و لە کۆتایی قسەکانیشیدا دەڵێت هەموو شتێک لەم جیهاندا ئەگەری ڕوودانی هەیە!

دوای روداوەکانی سووریا، ئەمریکا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە باڵادەستی ئێران لە ناو عێراقدا؛ لە رێی هەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپە چەکدارانەوە کە سیاسەت و ئەجیندای تاران لە بەغدا جێبەجێدەکەن، بە تایبەت حەشدی شەعبی کە چەک  و تەقەمەنی زۆری لەبەردەستدایە و زۆر لە سوپای عێراق پۆشتەوپەرداغ ترە و دەستوەردانی تەواویش لە کۆی کایە سیاسیەکانی عێراقدا دەکات و هەژموونی خۆی سەپاندووە.

هەموو ئاماژەکان روو لەو ئەگەرەن کە ئەمریکا پلانێکی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی داڕشتبێت، بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانەش سەرەتا بە لەناوبردنی شاگردەکانی دەستیپێکرد؛ هەر لە باشوری لوبنان و پەروباڵکردنی حزبوڵڵاوە تا گەیشت بە روخانی رژێمی ئەسەد لە سووریا. ئێستاش سەرەی حەشدی شەعبییە لە عێراق و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکات؛ بۆ دەستەبەرکردن و گەیشتن بەم ئامانجەشی، ڕەنگە ئەمریکا گۆڕانکاری زیاتر لە سیستمی حکومڕانیی وڵاتانی ناوچەکەدا بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار