لە مەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە "١٠"
عەبدولڕەزاق شەریف
دوێنێ
عەبدولڕەزاق شەریف
هەندێ مەسەلە و ڕووداوی نێوانی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا لە سەرەتای یەکترناسینیانەوە هەتا جیابوونەوە و نەخۆشکەوتنی مام جەلال لای من پرسیاری مێژوویی گرنگ بوون .
لە کۆبونەوەی ساڵی هەفتاوپێنجی ڤیەنا و داڕشتنی یەکەم بەیاننامەی دامەزراندنی "ی ن ک" ەوە، لە باش و خراپ، زۆرم بیستبوو، زۆریشم خوێندبووەوە؛ بەڵام هەندێ پرسیار لای هەردووکیان و هاوڕێکانیان، هەمیشە بێ وەڵام بوون .
+ دوای نزیکەی نیوسەدە هاوڕێیەتی خەباتێکی سەخت، نێوانی تۆ و مام جەلال چۆن گەیشتە جیابوونەوە؟
ئەمە ئەو پرسیارە بوو کە مام جەلال لە دوادیداری تەلەفزیۆنیدا، بەڵێنی قسەکردنی زیاتری لەسەر نەوشیروان مستەفا و پەیوەندی نێوانیان و عاجزی و ئاشتبونەوەیانی دا، بە داخەوە کتوپڕ نەخۆشکەوتنی دەرفەتی تەواوکردن و وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی نەبوو! کە چۆن و بۆچی دوای نزیکەی نیوسەدە هاوڕێیەتی خەباتێکی سەخت، نێوانیان گەیشتە تەخوینکردنی یەکتری وجیابوونەوە؟
دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال ئەم پرسیارەم لە نەوشیروان مستەفا کرد بەم شێوەیە وەڵامی دامەوە :
یەکەمجار، کە هەستمکرد کەلێنێک و جیاوازییەک کەوتووەتە نێوانی هاوڕێیەتی و بیروبۆچونمانەوە؛ ساڵی هەشتاوهەشت و دوای ئەنفالەکان بوو. لەسەر سنور گفتوگۆمان لەسەر ئەو کارەساتە و چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوە و هەستانەوە ئەکرد. ئەو بیروڕای وابوو دەستبەرداری خەباتی چەکداری ببین! وەک جولەکەکانی دوای جەنگ، ئێمەش هەرچی توانای مادی و مەعنەوی خۆمان هەیە لە ئەوروپا و ئەمەریکا بیخەینە گەڕ، لۆبی بۆ مەسەلەکەمان و مافەکانی کورد بکەین.
دواجار واڕێکەوتین ئەو بڕواتە دەرەوەی وڵات و کار بۆ ئەو شێوازی خەباتە بکات و منیش هێزەکانی پێشمەرگە رێکبخەمەوە و بەردەوامی بەخەباتی چەکداری بدەم .
جاری دووەم دوای راپەڕین، بینیم مام جەلال خەریکی دروستکردنی فەوج و لیوای تایبەت و مقەڕی جیاوازی تایبەت بەخۆیەتی، لێم پرسی تۆ هەرگیز بڕوات بە هێزی پاسەوانی بۆخۆت و پاراستنی خۆت نەبووە! ئەم کارە بۆ دەکەیت؟.
وتی: (خەباتی شاخ تەواو ... ئێمە لە شارداین و لەناوشاردا ئەبێت هەمیشە حساباتی سەربازی ورد بکەیت! لەناوشار هەمیشە ئینقیلابی عەسکەری ئەگەرێکی ئامادەیە.)
ئەو وەڵامە مایەی نیگەرانی بوو بۆ من، ئەمە بڕوای مام جەلال بوو، کە من ئێستاش باوەڕم پێی نییە .
سێیەم جار و کە ئیتر نەمتوانی کاری سیاسی و رێکخراوەیی لەگەڵدا بکەم و جیابوومەوە، دوای ڕووخانی حیزبی بەعس بوو، کە لەنزیکەوە بینیم و زانیم دەستی بۆ پارە برد . ئەو بڕوای وابوو کە پارەی زۆر ئەیهێڵێتەوە و تەمەنی حوکمداری زۆرتر ئەکات.
من لە ژیانی خۆم و هاوڕێیەتیماندا، مام جەلالم وەک تێکۆشەرێکی خۆڕاگر و ئازا و پارەنەویست ناسی بوو، بەڵام بە تێپەڕینی کات لە سێ قۆناغی جیاوازدا، لای من ئەو خەسڵەتانەی لەدەستدا، بۆیە ئیتر هیچ دەرفەتێکمان بۆ کاری پێکەوەیی نەما .